کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوور بە بۆچوونی خامنەیی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

19:36 - 20 بانەمەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە هەڵسوکەوتی توندوتیژی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە دژی ژنان و کچان لە شارەکانی ئێران، عەباس عەلی محەممەدیان، بەرپرسی پۆلیسی تاران، گەڵاڵەی نووری وەکوو "شابەیتی" مامورییەتەکانی پۆلیس وەسف کرد.

محەممەدیان، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، لە کۆبوونەوەی ڕێنمایی سیاسی کە بە ئامادەبوونی بەرپرسی ناوەندی سیاسیی فەراجا و کۆمەڵێک لە فەرماندە و کارمەندانی ئیدارەی پۆلیسی تاران بەڕێوە چوو، بە ئەفسەر و فەرمانبەرانی ڕاگەیاند کە لەم پرۆژەیەدا واتە گەڵاڵەی نوور ده‌بێ ئامادە بن بۆ ئەوەی هێز و تاقەت و خۆڕاگریتان بەرز بکەنەوە و هەوڵ بدەن ئەرکەکەیان باشتر لە پێشوو بەجێ بگەیێنن.

 

ناوبرا دیاری نەکرد کە مەبەستی لە هەوڵدان بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکە چییە.

بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گەڵاڵەیە دوای قسەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خراوەتە ناو بەرنامەی کاری پۆلیسەوە.

 

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی بە ئامانجی گەڕاندنەوەی گەشتی ئێرشاد بۆ سەر شەقامەکانی ئێران، لە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەوە هەڵسوکەوتی توندوتیژ دژی ژنان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێیان دەست پێ کردووەتەوە.

هەەلسوکەوتی هێزی پۆلیسی ئێران لەگەڵ ژنان بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە جۆرێک بووە کە تەنانەت ناڕەزایەتیی هەندێک لە هێزەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامیشی لێ کەوتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە ئاراستەی ئیبراهیم ڕەئیسی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی کردبوو، بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، جەختی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەو ژنانەی کە یاسای حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو نکەن شەڕێکی تەواو مانای دەست پێکردووە.