کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازار و بێزار کردنی ژنانی بەهایی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە زیادی کردووە

19:38 - 20 بانەمەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی هێرشەکان بۆ سەر ژنانی بەهایی لە ئێران، کۆمەڵگەی بەهایی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند کە ئازاردان و بێزارکردنی ژنانی بەهایی لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: لە چەند حەفتەی ڕابردوودا شەپۆلی هێرش بۆ سەر ژنانی بەهایی لە سەرانسەری ئێران توندتر بووەتەوە، هەروەها لە بەشێکی دیکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە دەیان ژن بانگهێشتی دادگاكان کراون و لەگەڵ تۆمەتی تاوانکاریی بێ بنەما کە دەتوانێت ببێتە هۆی ساڵانێک بەندکران ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٨٥ بەهایی لە ئێراندا بانگی دادگا کراون یان دەسبەسەر کراون.

هەروەها لەم نێوانەدا ٦٥ کەسیان واتە زیاتر لە سێ لەسەر چواری بەهاییە بانگکراو یان بەندکراوەکان ژن بوون.

بەپێی ئەم ئامارانە  لە ئێستادا ژنانی بەهایی دوو لەسەر سێی سەرجەمبەندکراوانی بەهایی لە ئێران پێکدەهێنن.

هەر لەو پێوەندییەدا سیمین فەهەندژ، وتەبێژی کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، زیادبوونی ئازاردانی ژنانی بەهایی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بە نیشانەی ڕەوتێکی بەرفراوانتر لە پەرەسەندنی هێرشەکان دژی بەهاییەکان لە ئێراندا وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا سەرکوتکردنی سیستماتیکی بەهاییەکان لە ئێران ساڵانە نزیکەی ٥٠٪ زیادی کردووە.