کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی چالاکیی میدیایی سەبارەت بە کوشتنی نیکا شاکەرەمیی بە تاوان زانی

13:26 - 13 بانەمەڕ 2724

پاش دوو ڕۆژ لە ڕاپۆڕتی کاناڵی بی بی سی سەبارەت بە چۆنییەتیی دەستدرێژیکردنە سەر نیکا شاکەرەمی و کوشتنی لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ئەو هەواڵنێر و چالاکانەی کە ڕاپۆڕتەکەیان ڕووماڵ کردووە، بە تاوانبار لە قەڵەم داوە.

ناوەندی میدیای دەزگاگی بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە "ئەو کەسانەی کە ڕاپۆڕتەکەی بی بی سی سەبارەت بە نیکایان بڵاو کردووەتەوە و ڕووماڵیان کردووە بە تۆمەتی پڕۆپاگاندا و بێڕێزیکردن بە حکوومەت تاوانبارن و دادستانیی تاران وێڕای تاوانبارکردنی ئەم کەسانە دۆسییەی دادوەریی بۆ پێک هێناون".

ئەم ناوەندەی ڕێژیم زانیارییەکی وردی سەبارەت بەو هەواڵنێر و چالاکانەی کە دۆسییەیان بۆ ساز کراوە، نەخستووەتە ڕوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆڕتەکەی بی بی سی، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەیەکی بەرچاویان سەبارەت بەم بابەتە و دژ بە کۆماری ئیسلامی لەو تۆڕانەدا هەبووە.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی ڕێژیم ڕاپۆڕتەکەیان بە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس زانی.