کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنییەکان، جۆ بایدێن خوازیاری ئازادیی هەموو ڕۆژنامەوانانی بەندکراو لە جیهاندا بوو

11:25 - 15 بانەمەڕ 2724

سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٤ی بانەمەڕ و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنییەکان داوای کرد کە هەموو ڕۆژنامەوانانی بەندکراو لە جیهان، ئازاد بکرێن.

بایدێن لە بەیاننامەیەکدا و بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە ڕایگەیاندووە: ڕۆژنامەوانی نابێت لە هیچ شوێنێکدا وەک تاوان بە ئەژمار بێت و لەم ڕۆژەدا ئەمریکا خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو ئەو ڕۆژنامەوانانەیە کە بە هۆی پیشەکەیانەوە ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون".

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا خەجتی لە سەر پاڵپشتیکردن لە ڕۆژنامەوانان و هەواڵنێرانی هەموو جیهان و بەتایبەتی لە کاتی شەڕەکاندا کردووە و خوازیاری ئازادکرانی سێ هەواڵنێری ئەمریکایی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕووسیە و سووریە بوو.

هەر بەم بۆنەوە و لەم ڕۆژەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ جارێکی تر ڕێزی لە نازیلا مەعرووفیان، نیلووفەر حامدی و ئیلاهە محەممەدی گرت.

ئەم وەزارەتە لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: لە سەردەمێکدا کە جیهان پڕە لە زانیاریی هەڵە و ناڕاست، خەڵک زیاتر لە هەموو کات پێویستیان بە زانیارییە ڕاستەکانە و ئێمە هەوڵەکانی ئەم سێ هەواڵنێرە و هەموو هەواڵنێرانی جیهان کە لە دۆخیکی دژواردا زانیاریی ڕاست ئەدەن بە خەڵک بەرز دەنرخێنین، چونکە لە ئێستادا جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەم جۆرە ڕۆژنامەوانانە هەیە.

نازیلا مەعرووفیان ڕۆژنامەوانی کورد بە هۆی وتووێژ لەگەڵ باوکی شەهید ژینا ئەمینی و نیلووفەر حامدی و ئیلاهە محەممەدی بە هۆی ڕاپۆرتەکانیان لەسەر چۆنییەتیی شەهیدکرانی ژینا بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرابوون.

شایانی باسە کە قوتابخانەی ڕۆژنامەوانیی میدپۆینت کە بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆژنامەوانان کە سەبارەت بە زانیارییە هەڵەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێک هاتووە لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتی ڕۆژنامەوانان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا ٢٢٦ ڕۆژنامەوان و میدیای سەرکوت کردووە.