کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بە مەبەستی مەحکوومکردنی حوکمی نادادپەروەرانەی لەسێدارەدرانی تووماج ساڵحی

11:31 - 16 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ١٥ی بانەمەڕ( ٤ی مەی ٢٠٢٤) لە کۆپێنھاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک خۆپیشاندانێک لە بەردەم ھێلانەی جاسووسی و سیخووڕیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی مەحکوومکردنی حوکمی نادادپەروەرانەی لەسێدارەدان و ڕێگری لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدرانی تووماج ساڵحی و ھەموو ئەو زیندانییانەی کە ئێستا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا چاوەڕوانی لە سێدارەدانن بەڕێوە چوو.

ئەم خۆپیشاندانە بۆ دەرخستنی ماھیەتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بۆ کۆمەڵگەی جیھانی و نێودەوڵەتی بوو کە جگە لە دیکتاتۆری و ماڵوێرانی و شەڕ و کوشتن و بەندکردن ھیچی دیکەی بۆ گەلانی ئێران بە دیاری نەھێنا و چارەنووسی وڵاتێکی بەرەو ھەڵدیران و لەنێوچوون برد.

ئێستا ئێران بووەتە بەندیخانەیەک و ھیچی دیکە، ئەوەی دەنگی ئازادیخوازی ھەڵبڕێ و بۆ ھێنانەدیی دێموکراسی لە ھەوڵدابێ، بە زوویی لەلایەن ھێزە داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر دەکرێ و لە دادگایەکی تەشریفاتیدا حوکمی لەسێدارەدران یا زیندانی ھەتاھەتایی و دوور خستەوەی بەسەردا دەسەپێ.

چەندین ھێز و لایەنی کورد و ئێرانی لەم خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون کە بریتین لە:

 ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ـ کومەڵه ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیست

ـ حیزبی خەڵکی بەلووچستان

ـ پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان  PWK

ـ  فێدراسییۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک

پەیامی ئەو ھێز و لایەنانەش لەم خۆپیشاندانەدا خوێندرایەوە:

 ⁃ پەیامی کۆمەڵەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن بەڕێز ئاکۆ ئەردەڵان

 ⁃ پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن بەڕێز مامۆستا مەسعود نادری

 ⁃ بەیانیەی کۆنگرەی نەەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لەلایەن محەممەد کەدخودایی نوێنەری حیزبی خەڵکی بەلووچستان.