کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە خەمناکترین وڵاتانی جیهانە

12:20 - 16 بانەمەڕ 2724

دوایین ڕاپرسیی دامەزراوەی توێژینەوەی گالۆپ لە ساڵی ٢٠١٨ سەبارەت بە سۆز و هەستی مرۆڤەکان لە جیهاندا، ئێرانی خستە ڕیزی ٥ وڵاتی دڵتەنگ و تووڕە لە جیهاندا.

ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە کە بەرهەمی ١٥١ هەزار چاوپێکەوتنی مەیدانی لە ١٤٠ وڵاتدا بوو، دەریخستووە کە هەست و سۆزی نەرێنی زۆر زیاتر لە هەست و سۆزی ئەرێنی لە نێو خەڵکی ئێراندایە.

یەکەم هۆکارێک کە بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی شادی لە کۆمەڵگەی ئێراندا بووە، ناسەقامگیریی ئاشکرا و دیار لە بارودۆخی ژیانی خەڵک و قووڵتربوونەوەی کەلێنە چینایەتییەکانە، کە بەتایبەت ژیانی خەڵکی کەمداهاتی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

ئێران لە ڕووی پێوەرە ئابوورییەکانی وەک هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تمەن دۆخێکی زۆر خراپتری لە وڵاتانی دیکە هەبووە. چینی مامناوەندی کۆمەڵگە زۆر لاواز بووە و کۆمەڵگە تا دێت بەسەر دوو چینی دارا و نەداردا دابەش دەبێت.

ئەنجامی ڕاپرسییەک لە ساڵی ١٣٩٩ لە ئێران دەریخست کە ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشییە دەروونییەکان بە بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵ پێشتر، بە ڕێژەی ٢٩ لەسەد زیادی کردووە و ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی خۆکوژی لە ماوەی ساڵانی ٨٠ هەتا ٩٨ی هەتاوی  لە ٤.٢ کەسەوە لە هەر ١٠٠ هەزار کەسەوە بۆ ٦.٢ کەس زیادی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە بەرنامە فەرهەنگی و ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم لە ئێران کە ئامانجەکانی سیستمی سیاسی لە پێش ئامانجەکانی ژیان دادەنێن، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی خەم و تووڕەیی لەو وڵاتەیە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هەتانەسەرکاریەوە هەوڵی داوە بانگی بایەخە کۆن و نازانستییەکان لە مزگەوت و ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکاندا بەرز بکاتەوە کە ئەمە لەگەڵ ڕۆحییە و ئاستی چاوەڕوانییەکانی لاوی ئەمڕۆییدا ناتەبایە.