کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی بواری ژینگە بۆ "کوردستان": بۆ ڕێژیم هیچ جیاوازییەکی نییە کام بەش لە کوردستان بکاتە ئامانج و لەنێوی ببات

12:23 - 16 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ١٥ی بانەمەڕ ژمارەی ٨٧٠ی ڕۆژنامەی کوردستان، زمانحاڵی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو بوویەوە کە لە بەشێکیدا پرسی سووتاندن و لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە خراوەتە بەر باس.

چالاکێکی بواری ژینگە لە وتووێژێک لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ژینۆسایدکردنی دارستانەکانی کوردستان تەنیا تایبەت بە ناوچەیەک نییە و هەموو کوردستان دەگرێتە بەر ڕایگەیاندووە: لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان پرسێکی گشتییە و هەر لە سەردەشت و پیرانشارەوە دەست پێ دەکات و تاکوو ئیلام و لوڕستان و تەنانەت خوراسانیش دەگرێتە بەر، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە سرووشتی کوردستان و سامانە نەتەوەییەکان، دەکرێتە ئامانج.

ئەم چالاکە کە نازناوی سوورێنی کوردستانی بۆ خۆی هەڵبژاردووە زیادی دەکات کە برسیکردنی خەڵکی کوردستان یەکێکی دیکە لەو سیاسەتانەی ڕێژیمە تاکوو لەو ڕێگەوە، بەتایبەتی کەسانی هەلپەرست هان بدات تاکوو بە شێوەی ئاگادارانە و بێ ئاگایانە دەست بە بڕینی دارستانەکانی کوردستان بکەن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتووژەکەیدا و لە وڵامی پرسیاری هەڵوێستی خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان سەبارەت بەم پرسە ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئەو ناوچانە و ڕێکخراوەکان بە دەیان جار لەهەمبەر ئەم تاوانانەی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەرەوڕووی ئەم پرسە بوونەتەوە و ئەکتی سیاسی و مەدەنیی بەهێزیشیان بووە.

سوورێنی کوردستان لەم پێوەندییەدا بە ئاماژەدان بە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە نزیکی زرێبار لەلایەن خەڵک و ئەنجومەنی سەوزەوە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێکخراوەکان و خەڵکی کوردستان لەم بوارەدا بێ هەڵوێست نەبوونە و توانیویانە زۆر جار پێش بە کاولکارییەکان لە کوردستان بگرن و سیاسەتەکانی ڕێژیم لەم چوارچێوەیەدا پووچەڵ بکەنەوە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە کاولکارییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندووە کە پرسی سووتاندنی دارستانەکانی زاگــرۆس و پیلانە مەترسیدارەکانی ڕێژیم، پرسێکی گشتییە و بۆ ڕێژیم هیچ جیاوازییەکی نییە کام بەش لە کوردستان بکاتە ئامانج و لەنێوی ببات.