کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکرانی گەڵاڵەیەکی دیکەی پۆلیسی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

12:09 - 17 بانەمەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی "گەڵاڵەی نوور" و چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ژنان بۆ پابەندبوون بە حیجابی زۆرەملێ، بەرپرسی پۆلیسی فەتای هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران باسی لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەیەک "بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانە ئەخلاقییەکانی دژی پڕەنسیپە ئیسلامی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیاند.

وەحید مەجید بەرپرسی پۆلیسی فەتا لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەو گەڵاڵەیە، ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆ و بەرهەمێک بڵاو دەکەنەوە کە ناوەڕۆکی باش نەبێت و دوور بێت لە بەها ئیسلامییەکان، ئێمە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.

ناوبراو ئیدعای کرد کە لە "گەڵاڵەیەکی پێشوەختە"دا لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەران و ئەندامانی ١٠ ماڵپەری سایبێریی چالاکیان پەیدا کردووە و ڕێکاری دادوەرییان بەرامبەر گرتووەتە بەر.

ئەمە لەکاتێکدایە کە فەرماندەیی پۆلیسی فەتا لە چەند مانگی ڕابردوودا لاپەڕە بەناوبانگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داخستووە، هەروەها هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم ئەو کەسانەی کە ڕاوبۆچوونی خۆیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی خۆی بانگهێشت دەکات و سزایان دەدات.

هەروەها ناوبراو ئیدیعای کردووە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان ٩١٪ی ئەو بەرهەمانەی کە ناوەڕۆکیان باش نییە و بە قسەی خۆیان تاوانی ئەخلاقییە لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام بڵاو دەبنەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە هەموو پلاتفۆرمەکان لە ئێراندا فیلتێر و سنووردار کراون بەڵام بەپێی دوایین ڕاپرسیی ئیسپا، ناوەندی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران کە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢دا بڵاو کراوەتەوە ٤٦.٥٪ی خەڵکی ئێران لە ئینستاگرام، ٣٥.٣٪ واتساپ و ٣٤.٦٪ تێلێگرام بەکار دەهێنن.