کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ۱۳۴ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٤ لە ئێران

12:21 - 17 بانەمەڕ 2724

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٤دا لانیکەم ١٣٤ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕیژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و زیاترین ژمارەی دەسبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٦٣ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی شەممە ١٥ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، لانیکەم ٦٣ هاووڵاتیی کورد، ٢٨ هاووڵاتیی بەلووچ و هەروەها ١٥ ژن و ١ منداڵ و ٢٠ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە مانگی ئاوریل لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە پارێزگای ورمێ بووە کە ٣٩ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان ٢٨ حاڵەت، سنە ١٥ حاڵەت و تاران ١٤ حاڵەت دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

 دەسبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە مانگی ئاوریل بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی پێشووی زیاتر بووە و لەو مانگەدا ٦ چالاکی سونە مەزهەبی بەلووچ و ٢ کەسیان چالاکانی کورد بوون.

 بەپشتبەستن بە ئامارە کانیڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ١٥ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ١١.٢ لەسەدی سەرجەم دەسبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە.

هەروەها لەو ماوەیەدا لانیکەم یەک منداڵی ژێر ١٨ ساڵ بەناوی هیوا شەریفی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

لە ماوەی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لەسەر مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ زیاتر بووە و لانیکەم ١٠ خوێندکاری زانکۆ و ١٠ مامۆستای قوتابخانە دەسبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ١٥٪ی سەرجەم دەسبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە.

هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٧ کەس لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەسبەسەر کراون.