کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەری نێودەوڵەتیی تووماج ساڵحی: تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی گیانی تووماج گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

11:20 - 18 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی پشتیوانیی جیهانی لە تووماج ساڵحی، هونەرمەندی ناڕازی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، تیمێک لە پارێزەرانی نێودەوڵەتی کە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی دەکەن، داواکارییەکیان بۆ پێداچوونەوەی بەپەلەی ئەم دۆسییەیە پێشکەش بە ڕێپۆرتێرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ئەم پارێزەرانە کە بە ناوی بنەماڵەی تووماج ساڵحی و ڕێکخراوێکی بریتانیایی بە ناوی "پێوەری سانسۆر" نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتیی ئەم ناڕازییە بەندکراوەیان گرتووەتە ئەستۆ، دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنییە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی پێشێل کردووە.

ئەم پارێزەرانە دەڵێن، سیستمی دادوەریی ئێران ڕێزی لە مافی ژیانی بێ ئەشکەنجەدان، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی ئازادیی قسەکردنی تووماج ساڵحی نەگرتووە.

کیلن گالاهر، پارێزەری مافی مرۆڤ و پارێزەری نێودەوڵەتیی تووماج ساڵحی لە بەرنامەی شەست خولەکی بی بی سیی فارسیدا باسی لە بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ دۆسییەی تووماج ساڵحی و پێویستیی گوشاری نێودەوڵەتی بۆ ڕزگارکردنی گیانی ناوبراو کرد.

بە وتەی ئەم پارێزەرەی مافی مرۆڤ، گوشارە نێودەوڵەتییەکان یەکێکە لە گرینگترین ڕێوشوێنەکان و ڕەنگە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی گیانی تووماج ساڵحی بن.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات و نیشانی ئێران بدات کە چاودێریی ئەم دۆسییەیە دەکات و ئەگەر تووماج ساڵحی لە سێدارە بدرێت، ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی دەبێتەوە.