کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: بە هۆی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ خوازیاری سەپاندنی سزای زۆرتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بوو

11:26 - 18 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ کۆمیسیۆنی ئامریکا بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی سەرکوتی ژنان و کچان لە ئێران بە هۆی

نافەرمانیکردن ولە بەرچاونەگرتنی یاسای سەپێندراوی حیجابی زۆرەملێ، خوازیاری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی کاربەدەستان و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بوو.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە  کۆمیسیۆنی ئامریکا بە هاواهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، بە هۆی کردەوەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنە سایبێرییە زیانبەخشەکانی ڕێژیمی ئێران، داوای سەپاندنه ئەو سزایانەیان کردووە، و هەروەها دەبێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ وڵامدەر بن.

هەروەها ئەم کۆمیسیۆنە داوای کرد کە ئامریکا بە سەپاندنی سزای زیاتر، دەست بەسەر موڵک و دارایی دامودەزگا حکوومییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کە بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافی ئازادی ئایین و بیروباوەڕدا بگرن و چوون و سەردان کردنیان بۆ ئەمریکا قەدەغە بکات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ نەک تەنیا بە ئامانجگرتنی ژنانە، بەڵکوو هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی بەرفراوانی هەر دەنگێکی ناڕازییە؛ لەوانە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، خوێندکاران و هونەرمەندان.

ئەو کۆمیسیۆنە بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییە دەڵێت: ئەم شەپۆلە نوێیەی دەسبەسەرکردن تەنها چەند حەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە هەیئەتێک لە کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سەرکوتکردنی ژنان بە هۆی حیجابی زۆرەملێ و

پێشێلکارییەکی دیکەی ئازادیی ئایینی تاوانێک دژی مرۆڤایەتییە.

لە کۆتاییدا داوا لە حکوومەتی ئامریکا کراوە کە "یاسای مەهسا" بە هەموو لایەنەکانییەوە جێبەجێ بکات و بەپێی ئەو یاسایە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆمراریی دەوڵەتی ١٣ـەهەمی ڕێژیمی ئێران و دامودەزگاکانی پێوەندیدار بەوانەوە بە تاوانی "پێشێلکردنی مافی مرۆڤ" و "پشتیوانی لە تیرۆر" سزا و گەمارۆ دەدرێن.