کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا هەر ١٠ ڕۆژ جارێک پزیشکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت

12:32 - 18 بانەمەڕ 2724

ماڵپەڕی تجارەت نیووز لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاماژەی بە خۆکوژیی پزیشکان لە ئێراندا کردووە، و نووسیویەتی کە ماوەی نێوان خۆکوشتنەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە ١٠ ڕۆژ و ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی خۆکوشتنەکان بە شێوەیەکی نیگەرانکەر بەرز دەبێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکانی ٤٧ ڕۆژی ڕابردوو كه‌ پێنج پزیشک خۆیان کوشتووە، بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئێراندا هەر ١٠ ڕۆژ جارێک پزیشکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە کە کاربەدەستانی وەزارەتی تەندرووستیی ئێران و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم هیچ کاردانەوەیەکیان بەو هەواڵە نەبووە و هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەداوە.

محەممەد میرخانی، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتیی نیزامی پزیشکی ئێران، ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بارودۆخی سەختی کارکردنی پزیشکان لە ئێرانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو ئەم گرووپەدا زانی و ڕایگەیاند کە یاریدەدەرانی پزیشکی هەندێکجار ناتوانن بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر بخەون، و ئەم حاڵەتانە زۆر مەترسیدارە و بەگشتی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی خەمۆکی.

هەروەها ناوبراو ژینگەی کارکردنی پزیشکان لە نەخۆشخانەکانی بە سەربازگە وەسف کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بارودۆخانە بەتایبەتی بۆ یاریدەدەرانی پزیشکی زۆر قورسە.

لەلایەکی دیکەوە سکرتێری گشتیی ماڵی پەرەستاریی ئێران ڕایگەیاند پرسەکانی بژێوی ژیان و بێڕێزیکردن بە پزیشکان لەلایەن سەرۆکی نەخۆشخانەکانەوە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکان بۆ ڕوودانی ڕووداوگەلێکی لەم چەشنەیە.