کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیران‌خوڵقێنی بۆ تێپەڕین لە قەیران

19:30 - 18 بانەمەڕ 2724

عومەر باڵەکی

دوای ئەوەی گەلانی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٥٧ و سەرەتاکانی ١٣٥٨ی هەتاویدا توانییان بە خۆین و قوربانیدانێکی زۆر ڕێژیمی پاشایەتی بڕووخێنن و سەرمەستی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بوون، ئایەتوڵڵا خومەینی و دارودەستەکەی لەو هەلە کەلکیان وەرگرت و دەستیان بەسەر دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەڵانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی داگرت و بەپەلە و لە ڕاپرسییەکی ڕواڵەتیدا نیزامی کۆماری ئیسلامییان بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاند. لەو سەردەمدا ئەو نیزامە هەم بۆ گەلانی ئێران و هەم بۆ دنیای دەرەوە نیزامێکی سیاسیی نامۆ و نەناسراو بوو. بەڵام زۆری نەبرد نێوەرۆکی ئەو نیزامە بەڕوونی دەرکەوت بەتایبەتی دوای پەسندکرانی قانوونی بنەرەتیی ئەو نیزامە و هەم گەلانی ئێران و هەم کۆمەڵگەی جیهانی هەستیان بەوە کرد لەگەڵ ڕێژیمێکی سیاسیی بەرەوڕوون کە هەر لە سەرەتاوە هێرشبەرە و بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێ و لە هەمان کاتدا دەیهەوێ سنووری دەسەڵاتدارەتیی خۆی لەژێر ناوی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی و پێکهێنانی ئۆممەتی یەکدەستی ئیسلامی، ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی بە ناوەندییەتی "شاری قوم" لە ئێران زیندوو بکاتەوە. ئەوە بەڕوونی لە پێشەکی و ئەسلی ١١ی قانوونی بنەرەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە (... بە سەرنجدان بە نێوەرۆکی ئیسلامیبوونی شۆڕشی ئێران کە جووڵانەوەیەک بوو بۆ سەرکەوتنی یەکجاری زوڵملێکراوان بەسەر زاڵماندا کە بەستێنی ئەو شۆڕشە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئامادە دەکا، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی پێوەندیی نێودەوڵەتی لەگەڵ جووڵانەوەکانی دیکەی ئیسلامی و خەڵکی هەتا ڕێگای پێکهێنانی "امت واحد جهانی"خۆش بکا).

لەو کاتەوە هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکەوتنی ئەو ستراتیژییەی خۆیان بێجگە لە بەهەدردانی هەزاران میلیارد دۆڵار لە سامانی گەلانی ئێران، دەستیان لە هیچ کردەوەیەکی ناڕەوای وەک تێرۆر، بارمتەگیری، دانانەوەی بۆمب، تەقاندنەوە و ڕفاندنی کەسانی سیاسیی و جیابیر..... لە نێوخۆ ودەرەوەی ئێران نەپاراستوە. بەڵام دەبینین دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دوای ٤٦ ساڵ هەوڵی بەردەوام لەو پرۆژەیەدا نەک سەرکەوتوو نەبوون، تەنانەت نەیانتوانیووە نیزامێکی سیاسیی و ئابووریی سەقامگیر لە ئێراندا جێگیر بکەن. هۆکاری سەرەکیش ئەوە بووە کە هەم کۆمەڵگەی ئێران و هەم کۆمەڵگەی جیهانی و نێودەوڵەتی زۆر زوو نێوەرۆکی ئەو نیزامەیان لێ ڕوون بۆوە و کەوتنە دژایەتیکردنی کار و کردەوەکانی ئەو نیزامە و ماوەی ٤٦ساڵە ئەو شەڕ و ململانییە لەنێوان دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک و گەلانی ئێران لەلایەکی دیکە بەردەوامە و بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش هەتا ئێرە خواروخێچ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاتوە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کاتێک هەستیان بەوە کرد بەو ئەندێشە و ئیدۆلۆژییە ناتوانن دەوامیان هەبێت و لەلایەن گەلانی ئێرانەوە هەر زوو تۆماری دەسەڵاتدارەتییان تێکەوە دەپێچرێ، کەوتنە هەوڵی خوڵقاندنی قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی و بەو جۆرە توانییان تەمەنی ڕێژیمەکەیان هەتا ئێستا درێژ بکەنەوە. داسەپاندنی شەڕ بە فتوای ئایەتوڵڵا خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨بەسەر کوردستاندا دەتوانین بڵێین دەستپێکی خوڵقاندنی ئەو قەیرانانە بوو. لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران کەسانی ساویلکە بە پاساوی ئەوەی دەستە و تاقمێکی لەدین هەڵگەراوە و بێ‌باوەڕ بە ئیسلام دەیانهەوێ کوردستان لە ئێران جیا بکەنەوە، خۆیان دەگەیاندە کوردستان و لە بەرەکانی شەڕ بە دژی خەڵکی کوردستان شەڕیان دەکرد، بەو بیرکردنەوەیە کە ئەگەر توانییان سەرکەوتن بەدەست بێنن ئەوە توانیویانە ئەرکێکی ئاینی و مەزهەبیی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ئەگەر لەو ڕێگایەدا کوژران چ باشتر کە شەربەتی شەهادەت دەنۆشن! ئەو شەڕفڕۆشتنەی نیزامی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بە کوردستان و بەربەرەکانی ئازایانەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر ئەو هێڕش وپەلامارانەی سپای پڕچەککراوی کۆماری ئیسلامی وای کرد دەسەڵاتدارانی تارانی تووشی قەیرانێکی نێوخۆی بن و ئەمجارەیان بۆ ئەوەی بیروڕای کۆمەڵگەی ئێران لەسەر شەڕی کوردستان لابچێ، پێویستیان بە قەیرانێکی دیکە بوو کە هەم بیرورای خەڵکی ئێران بەرەو ڕابکێشن وهەم دنیای دەروەی پێ سەرگەرم بکەن و بتوانن کۆمەڵێک ئیمتیاز هەرچەند کاتێش بێ بۆ حکوومەتە تازەکەیان دەستبەر بکەن. بۆیە دەبینین لە ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨دەستەیەک بە ناوی خوێندکارانی پێڕەوەی ئیمام هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ٦٦ کاربەڕێکەر و دیپلۆماتکاری ئەمریکایی بەبارمتە بگرن و بەو کارە زومی ڕاگەیەندنە گشتییەکان لەسەر کوردستانی شەڕلێدراو کەم بۆوە و بارمتەگیری لە باڵوێزخانەی ئەمریکا بوو بە ڕۆژەڤی هەواڵی هەواڵنێرەکانی نێوخۆی و دەرەکی.

ئەو دەورە لە قەیران خوڵقاندنە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا هەر بەردەوامە و قەیران بە قەیران دادەگیرسێت. بەڵام لەسەردەمی ئێستادا بە گۆڕانی هەلومەرجەکان و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی زۆر جاران هەر هەمان کرداری کۆماری ئیسلامی ڕوو لە خۆی دەکاتەوە، ئەوکاتە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەنگیان لێ بەرز دەبێتەوە کە زوڵمیان لێ کراوە، یان دەنا یاساورێساکانی نێودەوڵەتی پێشێل کراوە. بێ ئەوەی خۆیان لەو هەموو کردەوەیە بە خاوەن بکەن کە قانوونە نێودەوڵەتیەکانیان پێشێل کردووە و یاساورێسا نێودەوڵەتییەکانیان تێک داوە. بۆ جارێکیش بێ وا باشە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وەبیر خۆیان بێنەوە کە بە لەدایکبوونی ئەو نیزامە تێرۆر و بارمتەگرتن پێناسەی دەوڵەتیی بە خۆیەوە گرتووە. واتە تێرۆر و بارمتەگرتنی دەوڵەتی دیاریی نیزامی کۆماری ئیسلامین، چوونکە لە ڕابردوودا دەوڵەتان بە شێوەی گشتی لە پشتیوانیکردن لە کردەوەی تێرۆریستی خۆیان دەپاراست و بەدایمە هەوڵیان ئەوە بووە نەکا وەک پشتیوان و لایەنگری تێرۆریزم کە ئەوپەڕی قانوونشکێنی و تێکدانی ڕێوشوێنی نیونەتەوەییەوە بناسرێن، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە کردەوە تیرۆریستیەکانی  ئەو ترس و خۆفەی تێک شکاند و هەموو هێڵە سوورەکانی بنەماکانی قانوونە نێودەوڵەتییەکانی بەزاند و پێناسەی تێرۆری دەوڵەتیدا بە تیرۆر.

لە دوای هەڵگریسانی شەڕی حماس و ئیسرائیل ب ئەو دەستتێوەردان و قەیران خوڵقێنانەی کۆماری ئیسلامی زیاتر و زیاتر دەرکەوت. بەتایبەتی دوای ئەوە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە لێدانی چەند مووشەکێک خانوویەکی کونسولگەری ئێرانی لە شاری دمێشق پێتەختی سورییە کردە ئامانج و چەندین فەرماندەی پایەبەرزی سپای قودسی ئێرانی تێدا کوشت. ئەو کردەوە نیزامییەی ئیسرائیل کێشەکانی ناوچەکەی بەگشتی و پێوەندییەکانی ئێران وئیسرائیلی بەتایبەتی گەیاندە خاڵی هەستیار کە هەموو لایەک خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرد ناوچەکە بەرەوە شەڕێکی نێودەوڵەتی ببات. ئیسرائیل بۆ لێدانەکەی خۆی پاساوی ئەوە بوو لە کۆبوونەوەی فەرماندەرانی سپای قودسی داوە کە بە نیاز بوون بە هاوکاریی هێزەکانی حماس و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران گەڵاڵەی زەربەلێدان لە هێزەکانی ئیسرائیلیان دادەڕشت و بۆ پێشگیری لە زەربەخواردنی هێزەکانیان دەستپێشخەریان کردوە و لەو کۆبوونەوەیان داوە. لەو لاوە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەنگیان لێ بەرز بووە و گوتیان نابێ جیهان لە بەرانبەر ئەو کردەوەی ئیسرائیل بێدەنگ بێ چونکە بەوە هەموو یاساوڕێساکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشێل کراوە و بەپێی قانوونە نێونەتەوەییەکان کونسولخانە و باڵوێزخانە خاکی ئەو وڵاتەیە و لێدان لەو شوێنانە وەک لێدان لە خاکی ئەو وڵاتەیە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا ئەو لێدوانانەیان دەدا کە خۆیان داڕێژەری سیاسەتی هێرش بۆ سەر ناوەندە دیپڵۆماتیکەکان بوون. هێرش بۆ سەر بالوێزخانەی ئەمریکا (١٣٥٨)، دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی بریتانیا (١٣٩٠) و باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعودی (١٣٩٤) و تەنانەت ئاورتێبەردانی کەلوپەلەکانی نێو ئەو باڵوێزخانانە دەتوانن چەند نموونەیەک بن لە کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە ناوەندە دیپڵۆماتیکەکان. خۆ ئەگەر بمانەوێ ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی  لەگەڵ کرداری ئیسرائیل لە کونسولگەری ئێران لە سورییە بەراورد بکەین دەبینین کرداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر پێشێلکردنی سەروەریی قانوونە نێودەوڵەتییەکانە هەتا کرداری ئیسرائیل. چونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک نیزامێكی سیاسیی و دەسەڵاتدار لە ئێران حوکمی میوانداری هەیە و پاراستنی ناوەندە دیپڵۆماتکارەکان لە بواری ئەمنییەتیەوە لە ئەستۆی خاوەن‌ماڵە ئەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە هیچ‌کام لەو ناوەندە دیپڵۆماتیانە کە نوێنەرایەتی دەوڵەتی خۆیان لە ئێران دەکەن هێرشبەر نەبوون بۆ سەر خاک و بەرژەوەندییەکانی ئێران. بەڵام ناوەندی بەناو دێپڵۆماتکاری کۆماری ئیسلامی لە سورییە هەر بەپێی ئاماری کوژراوەکان کە هەموویان نیزامی بوون و دەرکەوت ئەو ناوەندە زۆرتر بۆ کاری نیزامی و گێرەشێوێنی لە لوبنان وسورییە و فەلەستین کەلکی لێ وەرگیراوە.

هەر وەک گوترا ئەوە سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ خوڵقاندنی قەیرانێکی دیکە کە بتوانن قەیرانە نێوخۆییەکانی دوای ڕاپەرینی ژینا کە کەلێنێکی گەورەی لەنێوان دەسەڵات و خەڵک دروست کردوە پێ داپۆشن، بەتایبەتی سەرکەوتنی بەرەی خەڵک لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەی مەجلیسی شورای ئیسلامی و خوبرەگانی ڕێبەری، و لە هەمان کاتدا بۆ دەرخستنی توانا و هێزی لانیکەم بۆ لاینگرەکانی خۆی. بۆیە بە ناوی وڵامدانەوەی توند بە ئیسرائیل لە نیوەشەوی ٢٥ی خاکەلێوەدا سپای پاسداران بە زیاتر لە ٣٠٠ مووشک و دڕۆنی جۆراوجۆر لە خاکی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ هێڕشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل کە سەتا ٩٩ی ئەو دڕۆن و مووشەکانە پێش ئەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل لەلایەن هێزی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل و هێزە هاوپەیمانەکانی هەر لە ڕێگاوە تەقێندراونەوە و ئەو چەند دانەیەش کە گەیشتوونەتە خاکی ئیسرائیل زەرەوزیانی گیانیی لە ئیسرائیل نەداوە کە سەرنجی بخریتە سەر. دوای چەند ڕۆژێک هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە تۆلەی ئەو مووشەک‌هەڵدانەی ئێران بەتەنیا یەک مووشەک توانی لە قوڵایی خاکی ئیراندا یەکێک لە ناوەندەکانی ڕاداری ئێران تێک بشکێنی بێ ئەوەی زیانی گیانی بە هیچ کەس بگەیەنێ، واتە یەک مووشەک لە بەرانبەر ٣٠٠مووشەک و دڕۆندا و ئەوە شکانێکی گەورەی سیاسیی و نیزامی بوو بۆ دەسەڵاتداران و فەرماندەرانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەو جاریش دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکانە سیاسیی و نیزامییە دووبارە ڕوویان لە شەقامەکانی شارەکانی ئێران کردەوە و بەناوی بەرگیری لە بێ‌سەرپۆشی"بی حجابی"هەزاران هیزی پۆلیس و تەنانەت سپای پاسدارانیان خستۆتە گیانی ژنانی ئێران و ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان بەبێ حورمەتی دەست بەسەریان دەکەن و لە بواری ڕوحی وجەستەیی ئەزیت و ئازاریان دەدەن.

سەرەڕای هەموو قەیرانخوڵقێنییەکان بەڵام هەم کۆماری ئیسلامی و هەم خەڵک دەزانن کە سەردەم بەتەواوی گۆڕاوە و شۆڕشی مافەخوازانەی گەلانی ئێران بە هەموو چین‌وتوێژەکانییەوە هەنگاوەکانی بەرەو ئالوگۆری بنەرەتی لە نیزامی سیاسیی وڵاتدا ڕۆژبەڕۆژ خێراتر کردوە. دنیای دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بەدەست کەڵەوەکێشییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە جارز بوون و بە هەموو ڕێگایەکی مومکین دەیانهەوێ لەو دەسەڵات و حوکمڕانییە دوور بکەونەوە و بە ڕادەیەک لە ئۆپۆزیسیوونی دژبەری نیزام نزیک ببنەوە. بۆیە بە خاترجەمی دوا ڕۆژ ئی گەڵانی ئازادیخوازی ئێرانە و قەیرانخوڵقێنی چیدیکە دادی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران نادا.