کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"رێکەوتن" ی لۆزان

17:54 - 19 خاکەلێوه 2715

رۆژی ٢ ی ئاپریلی ساڵی ٢٠١٥ بەرانبەر بە ١٣ ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ ی هەتاوی لە حالێک دا، بە میلیۆنان خەڵکانی بەرایی لە ئێران، لە دەرەوەی ماڵەکانی خۆیان لە شوێنە گەشتیاری و پارکەکان، نێو باخ و دارستانەکان، سەرکانیاو و داوێنی چیاکان، لە نیو گوڵ و شینکاییەکان، تێپەڕ دەکرد؛ ئەو رۆژە کە لای هێندێک کەس بە رۆژێکی "ناخۆش" و لای کەسانێکی دیکە بە رۆژی "سروشت" ناوی دەبرێ، دانوسانکارانی ٥ + ١ و کۆماری ئیسلامی ئێران- دوای مارتۆنێکی پڕ زەحمەت-، بە "تفاهم"ێکی گشتی سەبارەت بە قەیرانی ١٢ ساڵەی وەزی ئەتۆمی گەیشتن. ئەو "تفاهم" ە کە زۆربەی پێک گەیشتنەکانی شاراوەن، بۆ رێژیمی ئێران بەگشتی و قوڵی وەلی موتڵەقەی فەقیهی دوویەم، واتە عەلی خامنەیی و بەیتەکەی بەتایبەتی، خواردنەوەی قومێکی گەورەیە لە جامی ژاری دوویەم یا "جامە ژاری ئەتۆمی". چونکە لە گەرمەی شەڕی بێ مانا و ماڵوێرانکەری ٢+٦ کە بە خواردنەوەی "جامی ژاری یەکەم" لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی یەوە، ئاگربڕ هاتە ئاراوە و ئێستا بە جۆرێک وێکچوونێک هەیە. کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەرهەمی بیری مەشروعەی شیعەیە و لە ساڵی ١٥٠١ ی زایینیەوە، لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی سەفەویەکان و بەفەرمی کردنی مەزهەبی شیعە لە ئێران داسەپا، بوو بە هۆی دەردو مەینەتی و دواکەوتوویی. بۆ وێنە لە سەدەی بیستەم دا: بە لاڕێ دابردنی شۆڕشی مەشروتە، پێشگرتن لە رێفۆڕمی دەیەی٤٠ هەتاوی لە زەمانی پەهلەوی دوویەم، و بەرهەم هێنانی کۆماری ئیسلامی وەک: یەکەمین بیری ئیسلامی سیاسی شیعە لە ١٢ ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ (١٩٧٩) دا. ئەو دەسەڵاتەی سەرکەوتنی راپەڕینی گەلانی ئێران - کە رێژیمی پاشایەتی بە مێژوو سپارد-، بە پاوانخوازی لە ژێر چۆکی خۆی نا. دەسەڵاتدارانی ئەو رێژیمە لە ماوەی ٣٦ ساڵی بوونی خۆیان دا، ئەوە سێیەمین جارە تووشی شکستی لەو چەشنە دەبن. یەکەم : داگیرکرانی بالیوێزخانەی ئەمریکا لەتاران و ٤٤٤ رۆژ بارمتەگیری- کە بە "شوڕشی دوویەم" ناوی برا، و تێچوویەکی زۆری بۆ گەلانی ئیران هەبوو. بەدوای ئەو شکستەدا، قەتڵ و کوشتار، زیندان ئەشەکەنجە وئێعدام، سەرکوتی موخالیفان و جیابیرانی و هێرش دوویەمی بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە. دوویەم: شەڕلەگەڵ عێراق کە ٨ ساڵ کوشتن و کوژران و ماڵ وێرانی و زیانی قەربوو نەکراوەی تووشی خەڵکانی ئێران کرد کە بەدوای دا، دەستێوەردان لە بەشێکی گرینگی رۆژهەڵاتی نێوڕاست و بەتایبەتی حیزب و رێکخراوی ئیسلامی سیاسی شیعە و سوننی لێ بەرهەم هات و بوون بە ماکەی ئاژاوە لەو ناوچەیەدا. و سێیەم: مەسەلەی ئەتۆمی و دەست ڕاگەیشتن بە "بۆمبی ئەتۆمی ئیسلامی"، کە گەورەترین دەرد و مەینەتی و هەژاری وبێدەرتانی بۆ گەلانی ئێران خوڵقاندوە. لە نێوخۆی ئێرانیش دا، پێشێل کاری مافی مرۆڤ کە لە رۆژی ٢٣ ی رێبەندانی ١٣٥٧ دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و جینایەتەکان دەرحەق بە نەتەوەکانی کورد، تورک (ئازەری)، عەرب، بلووچ، تورکمەن و فارسە ئازادیخواز و ناڕازییەکان، ئەنجام دەدرێن. کۆشتاری تاک و بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی رێی ئازادی و کوشتاری سەر سنوورەکان بەتایبەتی لە سنووری دەستکردی کوردستان، دەچنە خانەی "جیناتەی دژی بەشەرییەت"، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا، وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن بڕیار لە شووڕای تەناهی نەتەوەیی، زۆر کەم گرینگیان پێداوە. لەو ئاکارە دزێوانە دا، بەهۆی گوشاری زۆری ئەمریکا، کە "ڕێککەوتن"ی قەیرانی بارمتەگیری دا، قازانجی ئەمریکا لێکەوتەوە. لە شەڕی ٢+٦ لە گەڵ عێراق، بەهۆی بڕیارنامەی ٥٩٨ و وەزعی خراپی نێوخۆیی ئابووری - نیزامی، ئایەتوڵلا خومەینی ناچار کرد"جامی ژار" بخواتەوە. ئەمجاریش بەهۆی ٦ بڕیارنامەی نێونەتەویی و ئاژانسی وەزی جیهانی کە گەمارویی بەربڵاوی لێکەوتەوە؛ رێژیمی تووشی شپرزەیی ئابووری و خنکانی نێونەتەویی و سیاسی کرد، بۆیە رەوتی پاشەکشە و سازان دەستی پێکرد. عەلی خامنەیی کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ویلایەتی فەقیهی خۆی دا، پێشی بە رێفۆرمەکانی نێوخۆی "سازەندەگی، خەڵک سالاری و کۆمەڵگای مەدەنی و ئاڵوگۆڕ (تغییر)"ی گرت. یاسای بنەڕەتی پەسندکراوی خۆیانی لەبەرچاو نەگرت و بە زەبری یاسای بەهێزی نەنووسراوی "حکم حکوومەتی و فتواکانی نوێژی هەینی" یا "ڤێتۆی ئیسلامی"، نیزامیگەری، سپاە و بەسیجی کردە، "شمشیری دامۆکلێسی ئیسلامی" و ژیانی پڕ مەینەتی نزیکەی ٨٠ میلیون کەسی فیدای سەوداسەری وەزی ئەتۆمی و دەسەڵاتی پاوانخوازانە کرد. لە ئاکام دا، هەم لەنێوخۆ ناچار کرا، حەسەنی رووحانی- بەپێچەوانی ویستی خۆی قبوڵ بکا- و هەم بۆ رەها بوون لە تەنگانەی سەخت و دشواری ئابووری- سیاسی، سەودای پڕ تێچووی میلیاردییەکانی هەستەیی بە تاکتیکی "نەرمیشی قارەمانانە" و "ماڕاتۆنی دانوسانی ئەتۆمی" ئیزنی گەیشتنە بە "تفاهم" نامەی پێ بدا. لەگەڵ ئەمریکاش- کە بە"شەیتانی گەورەی" ناودەبرد، زورترین وتوێژی کرد. "تفاهم" ی ئەتومی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ چی لێ شین دەبێتەوە؟ پێویستە هەتا ١٠ پووشپەڕ و رووداوەکانی ئەو ماوەیە و دواتر، بە جیدییەت و هەستیاری پتر، بەهێند بگرین و بڕوانییە پێشهاتەکان.