کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٣ کەس‌و بریندار بوونی کەسێکی دیکە لە ناوچەی بانە

11:59 - 1 بانەمەڕ 2715

بە هۆی تێکهەڵچوونی تاقمێک لە بەرهەمهێنەران و فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان لە گوندی برینجاڕی ناوچەی ئارمردەی بانە، چەند کەس کوژراون‌و بریندار بوون. بە پێی هەواڵی په‌یامنیری کوردستان‌و کورد کۆمەڵێک لە درووستکەرانی مادەی شیشە کە مادەیەکی شیمیایی زۆر پڕ مەترسییە‌و بە تێکەڵ کردنی چەندین جۆر لە دەرمان و مادە کیمییایەکان بەرهەم دەهێنرێ، لە ناوچەی سەردەشتەوە هاتوونەتە ناوچەی بانە‌و لە چەندین گوند و ئاوایی ئەو ناوچەیە، بە تایبەت گوندەکانی ناوچەی ئارمردەو بناری سوورکێو جێگیر بوون. دیاریکردنی ئەو ناوچەیەش لە لایەن ئەو گرووپ‌و تاقمە خراپکارانەوە، نزیکیی ناوچەیەکە بە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات‌و باشووری کوردستان. ئه‌و ڕاپۆرته‌ ده‌ڵێ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا تاقمێک لە درووستکەرانی مادەی شیشە لە گوندی برینجاڕانی ناوچەی ئارمردەی بانە بە هۆیەکی نادیار لێیان دەبێتە شەر‌ که‌ ٣ کەسیان کوژراوه‌و یەکێکی دیکەشیان بە برینداری گەیه‌ندراوەتە نەخۆشخانەی بانە. له‌لایکی دیکه‌وه‌ چەند ڕۆژێک پێش ئەو رووداوە، دەیان هەزار پاکەتی بەتاڵی چەندین جۆر لە حەبی شیمیایی لە ناوچەی بایزیاوای بانە، کە نزیک شوێنی ڕووداوەکەیە، لە لایەن ژینگە پارێژانی ئەو شارەوە دۆزرایەوە. په‌یامنیری کوردستان‌و کورد ده‌ڵێ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌وه‌ی ڕووی داوه‌ دڵگرانن‌و لەو بڕوایە دان کە دامودەزگاکانی پێوه‌ندیداری ڕێژیم له‌و باره‌ویه‌ خه‌مساردن‌و ئەوندەی هەوڵ دەدەن بۆ ڕێگری‌و گرتن و کوشتنی کۆڵبەرانی هەژار، نێوهێندەیان هەوڵ بۆ گرتن‌و لە ناو بردنی ئەو تاقم و گرووپە مافییانە نەداوە. دوایین هه‌واڵ‌و زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ سێ کەسە کوژراوەکە خەڵکی ناوچەی سەردەشتن‌و بۆ دامەزراندنی کورەی بەرهەمهێنانی کراک و شیشە هاتوونەتە ناوچەی بانەو کەسێکی خەڵکی ناوچەی ئارمردەی بانەیان لەگەڵدا بووه‌و و لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە هاوپیشەی خۆیان له‌ ناوچه‌ی بانه‌ کێشەیان بۆ درووست بووه‌ وسێ کەسە سەردشتییەکە کوژراون‌و چاوساخە بانەییه‌که‌ش دراوه‌ته‌ بەرچەقۆ، بەلام نەمردووەو خۆی گەیاندووە نەخۆشخانەو کوژرانی ئەو سێ کەسەی دیکەشی ئاشكرا کردووە. شایانی باسه‌ که‌ ئێستا هیچ کەس بە تاوانی کوشتنی ئەو سێ کەسە نەگیراوه‌.