کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی خوێندنەوەی حقوقیی ڕووداوی شیناوێ

14:49 - 2 بانەمەڕ 2715

كۆبوونەوەی لێكدانەوەی حقووقیی ڕووداوی شیناوێ، بە دەسپێشخەریی كۆمیتەی كۆمەڵایەتیی كانوونی فەرهەنگیی زانكۆی عەلامە تەباتەبایی لە زانستگەی حقووق‌و زانستی سیاسیی ئەم زانكۆیە بەڕێوەچوو. لەم كۆبوونەوەیەدا عیسا ئەمینی، ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانكۆی ئازادی ئیسلامیی تاران وێڕای ئاماژە بە قاعیدەی "لا زەرەر و لازرار" گوتی کە پێویستە بە هەموو شێوەیەك زیان قەرەبوو بكرێتەوە. بەم پێیە ئێمە بە شوێن قەرەبوو كردنەوە داین‌و، ئێستاش قسە ئەوەیە كە بە چ شێوەیەك دەتوانین قەرەبووی ئەم خەسارە بكەینەوە كە بەر قوربانییانی ئەم ڕووداوە كەوتووە. ناوبراو وێڕای هێنانە گۆڕی ئەم پرسیارە كە ئەركی دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ رووداوەکەی شێناوێ‌دا چییە، گوتی: ئەگەر قوتابخانەی شیناوێ سەر بە بە کەرتی تایبەت‌و خسوسی بوایە، مەسەلەی پێوەندی نێوان كرێكارو خاوەنكار لە ئارادا دەبوو، بەڵام بەم پێیە كە ئەم قوتابخانەیە دەوڵەتییە، ئەوا قوتابخانە‌و وەزارەتخانەی پەروەردەو بارهێنان‌و دەوڵەت بەرپرسایەتی ئەم مەسەلەی لەسەر شانە. ئەمینی وێڕای هێنانە بەر باسی ئەم مەسەلە كە یەكێكی دیكە لە ڕێگاكانی قەرەبوو كردنەوەی ئەم زیانە پێدانی دیە بەم قوتابییانەیە، گوتی: ئەركی دەوڵەت لەم بارەوە ئەوەیە كە نیوەی دیەی تەواو بەم منداڵانە بدا، ڕێگایەكی دیكەش ئەوەیە كە لە ڕووی مەعنەوییەوە ئەم زیانە قەرەبوو بكرێتەوە، كە وەزیری پەروەردە و بارهێنان لەم پێوەندییەدا دەبێ داوای لێبوردنی لە زیان بەركەوتووانی قوتابخانەی شیناوێ بکا. لە درێژەی ئەم كۆبوونەوەیەدا، سەید قاسم زەمانی ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانكۆی عەلامە تەباتەبایی گوتی: بەڕێوە بردنی ئەم كۆبوونەوەیە، ئەو پەیامە دەگەیەنێ كە قوتابییانی شیناوێ پێویستە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە، نە ئەوەی كە شیاوی ئەوە بن زگمان پێیان بسووتێ. بە جۆرێك كە پێكهێنانی ئەم كۆبوونەوەیە هەنگاوێك بێ بۆ گەیشتنی ئەم منداڵانە بە مافەكانی خۆیان. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: قسەكانی ئەمڕۆ نابێ تەنیا تایبەت بێ بە قوتابیانی شیناوێ، بەڵكوو دەبی بزانن كە ئەم ڕووداوە یەكەم ڕووداو نەبووەو دوایین ڕووداویش نابێ. با ئەوەمان لە بیر نەچێ كە لەم وڵاتە زۆر شیناوێیی دیكەشمان هەیە. لە درێژەی ئەم كۆبوونەوەیەدا حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری پەروەندەی قوتابییانی شیناوێ گوتی: لە ئێستادا نزیكەی سەدی 25ی قوتابخانەكانی ئێران ناستانداردن و دەبێ بیانڕووخێنن و سەرلەنوێ دروستییان بكەنەوە، بەڵام بە داخەوە هەر بەم شێوەی ئێستا، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان لەم قوتابخانانە خەریكی دەرس خوێندنن. ڕووداوی شیناوێش هەر لە قوتابخانەیەكی ناستاندارد ڕووی دا. ئەم پارێزەرەی دادگوستەری هەروەها گوتی: ئەم قوتابییانە لە پۆلێكدا دەرسیان دەخوێند كە هیچ چەشنە ئیمكاناتێكی نەبوو. یەكە یەكەی ئەم منداڵانە دەست و دەمووچاویان سووتاوە و دوو كەسیشیان لەم ڕووداوەدا گیانیان لە دەست دا، ئەم دیەی كە بۆ ئەو منداڵانە وەبەر چاو گیراوە لەچاو دیەی كەسانی دیكە نیوەیە. لەم كۆبوونەوەیەدا "ئامینە ڕاك" لەگەڵ باوكی، هەروەها داریووش یەگانە باوكی سەیران یەگانە كە لە ڕووداوەکەی شیناوێدا گیانی لە دەست دا، بەشدارییان كردبوو. ئامینە ڕاك كە یەكێك لە قوتابییانی زیان بەركەوتووی ئەم كارەساتە تاڵەیە، بە وردی باسی ڕۆژی ڕووداوەكەی كرد و داوای كرد كە بۆ درێژەی داودەرمانەكەی بەڕێی دەرەوەی وڵاتی بكەن.