کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی ناوەندی هاوكاریی بە بۆنەی 2ی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان

07:11 - 1 رێبەندان 2720

هاونیشتمانیانی خۆشەویست
خەڵكی خەباتكاری كوردستان
حیزب‌و لایەنە سیاسییەكان
یادی 2ی رێبەندان، رۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستانتان پیرۆز بێت. ئەمساڵ 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكەم كۆماری كوردستاندا تێدەپەڕێت كە لە 2ی رێبەندانی ساڵی 1324ی هەتاوی لەشاری مەهاباد دامەزرا‌و پێشەوا قازی محەمەد وەك یەكەم سەرۆك كۆماری كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.
كۆماری كوردستان لە دەرەنجامی بەرهەمی خەباتێكی مێژویی و پڕ لە قوربانی و بەرخۆدانی گەلی كورد و قواستنەوەی بەربەرەكانێی و ململانێی نێوان زلهێزەكان لە سەردەمی شەری دووهەمی جیهانی دروست بوو. لەكەش‌و هەوای ئەو ساڵانەدا كە جیهان تووشی شەڕێكی گەورە بوو زۆر نەتەوە لە جیهاندا هەوڵی ئەوەیاندا لە ژێر چەپۆكی داگیركەران دەربچن، لە ئێرانیش كە دەوڵەت هیچ دەسەڵاتێكی نەمابوو، نەتەوەكانی ئەو وڵاتە كەڵكیان لەو بارودۆخە وەرگرت و كەوتنە هەوڵادان بۆ بە دەستهێنانی مافەكانیان. گەلی كوردیش كە ساڵانێكی زۆر لە ژێر ستەمی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئێراندا بوو لەو دەرفەتە مێژووییەدا توانی ئەزمونێكی زێڕین بۆ خۆی تۆمار بكات. حیزبی دیموكراتی كوردستان بە رێبەریی پێشەوا قازی محەمەد، بە ئامانجی نەمانی ژێر دەستەیی‌و بەدیهێنانی رزگاری‌و سەربەستی، لە 2ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ – ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ دامەزراندنی كۆماری كوردستانی راگەیاند.
كۆماری كوردستان ئامانجەكانی خۆی راگەیاند كە لەلایەن خەڵكەوە پێشوازی لێكرا كە بریتی بوون لە كوردستانیبوون و شوناسخوازیی كورد بە باوەڕهەبوونی بە دێموكراسی بوو. كۆماری كوردستان ئەگەرچی تەمەنی كەم بوو و 11 مانگ ژیا، بەڵام كارنامەیەكی درەوشاوە لە خزمەتكردنی خەڵك و سیاسەت و ڕوانگەی كۆمار بۆ دەسەڵات و داهاتووی وڵات هیندە پڕ و پڕبایەخە كە ئێستاش بە هیوای دووبارە بنیاتنانەوە و وەدیهێنانەوەی كیانێكی سیاسیی لەو چەشنە بین. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی ‌و ئیداری لەو كۆمارە‌ ساوایەدا، بۆ هەر دەسەڵاتێكی دێموكراتیك لە سەردەمی ئێستاشدا، دەتوانێ جێگای لێ فێربوون بێ. ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی ‌و ئایینی ‌و پێكەوەژیانیان لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لە یەكتر، باوەڕ بە ئازادیی بیرورادەربڕین، گرینگیدان بە بووژاندنەوەی كولتور و هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی، خوێندنی بە خۆڕایی، هاندانی كچان بۆ خوێندن‌ و بە ڕەسمی ناسین‌ و جیبەجێكردنی خوێندن بە زمانی دایك نەك هەر بۆ مندالانی كورد بەڵكوو بۆ كەمایەتییە زمانییەكانی دیكە، بڕەوپێدانی گیانی وێكهەڵكردن لە نێوان دانیشتوانی شار‌ و گوند‌ و چین‌ و توێژە جۆراوجۆرەكان ‌و بە هێزكردنی كولتووری پاڵوێكدان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پێشوازی ‌و باوەشكردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەكانی نەتەوەی كورد لە بەشەكانی دیكە ‌و بوار رەخساندن بۆ خزمەتكردنیان بەو كۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكومەتی میللیی ئازەربایجان ‌و ئازەرییەكان‌ و پێشنیاری هاوكاری و هاوپەیمانەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بە نرخەكانی ئەو دەسەڵاتە كوردییەن. ئەم كۆمارە بە هەڵكردن‌و رەسمیەتدان بە ئالای كوردستان‌ و داهێنانی سروودی نەتەوەیی‌ و چەمكی پێشمەرگە، كۆمەڵێك بۆشایی لە گیان‌ و هزری نەتەوەیی ‌و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا پڕ كردەوە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە چاوی بایەخەوە لە دەسكەوتەكانی كۆماری كوردستان و ئەم واقعە گرینگە مێژووییە دەڕوانێ و پێی وایە كە پێویستە بێ ‌لەبەرچاوگرتنی سنوورە فیكری و سیاسییەكان و بێ سەرنجدان بە جیاوازییە ئایینی، زاراوەیی و جۆغرافییەكان، لە دەوری فەلسەفەی پێكهاتنی كۆماری كوردستان و ئامانجەكانی كۆ ببینەوە. خەڵكی كوردستان مافی ڕەوای خۆیانە كە لە سەرخاكی خۆیان و لە چوارچێوەی ئێرانێكی دیموكراتیك و فیدراڵدا، مافی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. ڕوون و ئاشكراشە كە باوەڕ بەو مافە هەموو لایەكمان ئەركدار دەكا گیانی یەكگرتوویی و هاوپێوەندی لە نێوخۆماندا چ وەك تاكەكانی كۆمەڵ و چ وەك هێز و لایەنە سیاسییەكان، هەر چی زیاتر بەهێزتر بكەین.
ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی 2ی رێبەندان دەكەینەوە كە كۆماری ئیسلامی، لەئاستی هاوكێشە ناوچەیی‌و جیهانیەكان ‌و ناوخۆی ئێرانش توشی قەیران بووەتەوە. ئەم رژیمە بەهەموو تەمەنی نگریسی خۆی دوژمنی هەموو گەلانی ئێران لەوانە گەلی كورد بووە‌و بە سیاسەتی سەركوت‌و كوشتار هەوڵی بێدەنگ كردنی خەڵك‌و پێشێلكردنی مافەكانیانی داوە، لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەڵكانێكی زۆر بە هۆی سیاسەتی پاوانخوازی كۆماری ئیسلامییەوە گیراون وراپیچی زیندان كراون و لە هەمانكاتیشدا لە راگەیەنە رەسمییەكانی خۆیدا بە هەموو شێوازێكی بەردەست هەوڵی داوە سوكایەتی بە هێما‌و رەمزەكانی نەتەوەكان یەك لەوان نەتەوەی كورد بكات.
ئەزمونی كۆماری كوردستان پێمان دەڵێت كە تەنیا بە هاوپشتی‌و یەكبوون مافەكانی گەلی كورد دەستبەر دەبێت‌و یەكگرتوویی تاكە رێگای رزگاربوونمانە و بە گرتنەبەری هەڵویستی شۆرشگێڕانەو دەربڕینی هەستی نەتەوەیی لەم رۆژەدا سومبول و دەسكەوتە نەتەوەییەكانی كۆماری كوردستان بەرز بنرخێنن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
2ی رێبەندانی 1399 – 21ی ژانویەی 2021