کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

01:51 - 1 رەشەمه 2720

ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی باس و هەڵسەنگاندنی چەند پرسێکی سیاسی و تەشکیلاتی کۆبۆوە. ڕۆژی پێنج‌شەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزب بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی، جێگران و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی حیزب دەستی ‌پێ کرد و پاشان بەڕێز خالید عەزیزی‌، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات،  باسێکی سیاسیی لەسەر کۆمەڵێک پێشهات و پرسی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان پێشکەش کرد. باسەکەی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران و بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوتی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە بوو. کاک خالید عەزیزی لەو پێوەندییەدا ڕەشبگیرەکەی ئەم دواییانەی کوردستانی بە نموونە هێنایەوە و تیشکی خستە سەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئێستادا قورسایی قەیرانە جۆراوجۆرەکان تەنگیان پێ هەڵچنیوە، لە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان ترسی ڕێ نیشتووە و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە پێش بە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بگرێ. کۆمیتەی ناوەندی دواتر لە باس و هەڵسەنگاندنی خۆی‌دا پێی لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەر و پێشهاتێک داگرت و جارێکی دیکەش پێداگریی کردەوە کە یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە جەماوەری‌کردنی زیاتری خەبات لە نێوخۆی وڵات لە زەرەرووتەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی وتوێژ و دانیشتنی هەیئەتەکانی دوولایەن و، هەروەها چەند پرسێکی ئەمنیەتی و دەروون‌تەشکیلاتی، تەوەرەکانی دیکەی حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون. لەو بەشەش‌دا بەشدارانی کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێی بابەتەکان؛ بڕیاری پێویستیان لەسەر درا و دەفتەری سیاسیی حیزب بۆ جێبەجێ‌کردنیان ئەرکدار کرا.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩