کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

14:54 - 3 رەشەمه 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. ناوەندی هاوکاری دەڵێ: سەرەتا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ئەو بۆنە فەرهەنگی و گرینگە جیهانییە لە سەرجەم خەمخۆرانی زمانی نەتەوەیی و مامۆستایانی دەروەست و فێرخوزانی تینووی زمان و شوناسی نەتەوەیی پیرۆزبایی دەڵێین. ئەمسآل لە کاتێک‌دا پێشوازی لەو بۆنە دەکەین کە لە ڕەشبگیرییەکانی وەرزی زستانی ٩٩ی هەتاوی چەند کەس لە مامۆستایانی فێرگە کوردییەکان دەسبەسەر و چارەنووسیان ناڕوونەو هەروەها یەکێک لە کچانی ئازای نیشتمان تەنیا بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایک کە مافێکی دانپێنراو و پەسندکراوەو لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بەتوندی سزا دراوە. پاڕاستن و پشتیوانیکردن لە پرسی زمانی دایک لە کاتێک‌دایە کە بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، هەر کەسێک ئەو مافەی هەیە بە زمانی خۆی بخوێنێت و بنووسێت و بە زمانی خۆی پرۆسەی پەروەردە تێپەڕێنی، بەڵام منداڵانی کورد و نەتەوەکانی‌دیکەی ئێران لەم مافە بێبەرین. لە بەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە: سەرەڕای هەموو هەوڵەکان تا ئێستا ڕێژیم ئامادە نەبووە بە شێوەی شایستە وەڵامی خواستی خەڵک بداتەوەو ئەو دەرفەتە بچووکانەش کە کراوەتەوە ، تەنیا بە تێچووی خەڵکی خۆڕسک و خەمخۆر بووەو جێی پەنجەشیان سەرەڕای کۆسپ وتەگەرەکان لەسەر پرسی گەشەی زمانی دایک لە کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی نێو ئێران دیارو زیندووترە.