کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

15:47 - 11 بانەمەڕ 2721

خەڵکی تێکۆشەری ئێران!

جەماوەری شۆڕشگێری کوردستان!

کرێکاران و زەحمەتکێشانی ستەم‌لێکراو!

هەر بەو جۆرەی کە ئاگادارن ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە هەموو وڵاتانی جیهان بە ڕێکخستنی میتینگ و ڕێپێوانی گەورە بە مەبەستی هاوپشتی لەگەڵ چینی کرێکار و زەحمەتکێشی سەرانسەری جیهان جێژن دەگیرێ و یاد دەکرێتەوە.

ئەمساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو لە بارودۆخێک‌دا ١ی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار پیرۆز دەکرێ کە پەتای عالەم‌گیری کرۆنا جیهانی تەنیوە و بە داخرانی کارخانە و کارگە و شوێنی کارەکان زیاتر لە هەموو چینێک چینی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژاری کۆمەڵگەکان کە کەوتۆتە تەنگانەوە و لەژێر فشاری تاقەت‌پڕووکێنی مانەوە لەژێر سێبەری مەترسیداری کۆڕۆنا ناچارن لە شوێنەکانی کار ئامادە بن.

دیارە لە کەس شاراوە نییە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ڕادەیەکی زۆر زەرەر و زیانەکانی کە بەر کرێکاران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە کەوتوون قەرەبوو کراوەتەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە گوشارێکی بەرچاو کەوتۆتە سەر ژیانی بەشەر و لە ڕاستیدا هاتنی ئەم پەتایە (کۆوید١٩) نەک تەنیا زەرەری گیانیی زیاتری لە بەشی فەقیر و دەست‌کورتی کۆمەڵگەی جیهانی داوە بەڵکوو بۆتە هۆی ئەوەی کە تا دێ فشاری ماڵیی زیاتریش هەر بکەوێتە سەر ئەم تەبەقە زوڵم‌لێکراوەی جیهان.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەم پەتایە و لەم بارودۆخە جیهانییە بێبەش نەبووە و تەنانەت دەتوانین بە دڵنییایەوە بڵێین کە دۆخی ئێران لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان خراپترە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنی ئەم پەتایە بە ناکارامەیی لە ڕادەبەدەری خۆیان و بە لەبەر چاو نەگرتنی نیگەرانییە جیهانییەکان و لە کاتێک‌دا هەموو دنیا دەرگاکانی خۆی لەسەر وڵاتی چین داخست، درێژەی بە هاتوچۆیەکانی شیرکەتی ماهان‌ئەیر دا و بووە هۆکاری سەرەکیی هاتن و پەرەسەندنی ئەو ویرووسە لە ئێران. دواتریش بە درۆ و دەلەسە کە کردەوەی هەمیشەییەتی ئاماری تووشبووان و گیانلەدەست‌داوانی شاردەوە و تا ئێستاش ئەم سیاسەتە هەر بەردەوامە. لە لایەکی ترەوە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە کوتانی واکسێن بە شێوەیەکی بەربڵاو خەریکی واکسینەکردنی خەڵکی خۆیانن بەڵام، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەبەر ڕاگرتنی ڕواڵەتی دژە ئامریکایی خۆی بڕیاری نابەرپرسانەی قەدەغەی هاوردەکردنی واکسێنی ئامریکایی و ئینگلیسی دەرکردووە کە لە ڕاستیدا ئەمە دەکرێ وەک نەسل‌کوژی چاوی لێ بکرێ و جەنایەت بە دژی خەڵکی ئێران دێتە ئەژمار.

ئەم گوشارانەی ئەو دواییانە تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی بارودۆخی خراپی ئێستای کرێکاران، زەحمەتکێشان، فەقیر و هەژار و بە گشتیی خەڵکی ئێرانە.

کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرەتاییترین مافی خۆیان کە خۆڕێکخستن لە ڕێکخراوە سێنفییەکان بێت بێبەشن. لەگەڵ هەڵسووڕاوانی کرێکاری بە توندترین شێوازی مومکین هەڵسوکەوت دەکرێ و بە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەریان دەکەن و سزای شەلاقیان بۆ دەبڕنەوە.

گەندەڵیی لە ڕادەبەدەری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی هەڵە و نابەجێی ئابووری و لە هەموو گرینگر سیاسەتی نابەرپرسانەی دەرەکی چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی وای کردووە کە ڕادەی بێکاری، گرانی و هەڵاوسانی هەوسارپساو و بە گشتیی داڕمانی ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتە هیچ سنوورێک نەناسێ. ناوەندەکانی کار و بەرهەم هێنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دادەخرێن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی زیاترن کە لە کارەکانییان بێکار دەکرێن و کۆماری ئیسلامیش کەمترین بەرپرسایەتییەک لە ئاست ژیان و بژیوی خەڵک وە ئەستۆ ناگرێ.

ئەم بارودۆخە نالەبارە کرێکاران و مامۆستایان و بازنشستەکان و بە گشتیی هەموو چین و توێژەکانی کۆماری ئیسلامی وە زاڵە هێناوە و هیچ ڕێگەیان جیا لە دەربڕینی نارەزایەتی بۆ نەماوەتەوە کە ئەویش لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قەبوول ناکرێ و بە تووندترین شێواز سەرکوت دەکرێ و هەموو دەرەتانێکیان لە خەڵک سەندۆتەوە.

پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخ دان و بێکاری و هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی خۆی‌دایە. هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هیچ سەرمایەگوزارییەکی بنەڕەتی و پیشەیی لە کوردستان نەکراوە و بە تەواوی هەوڵ دراوە کە کوردستان نەبێتە بەشێکی پیشەیی و هەمیشە نیگەرانیی ئەمنی زاڵ بووە بەسەر مەسڵەحەت و ژیان و بژیوی خەڵکی کوردستان. بارودۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان و نەبوونی کارخانە و کارگەکان و بە گشتیی نەبوونی کار بۆتە هۆکارێک کە خەڵکی هەژار و بێدەرەتان بۆ دابین‌کردنی نانی ڕۆژانەی بنەماڵەیان ڕوو بکەن کارە تاقەت پڕووکێنەکان، کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە کۆڵبەری بکرێ و سەرەڕای ئەوەش ڕۆژ نییە کە هەواڵی گیان لەدەستدانی کۆڵبەر یا چەند کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبیستینەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، مامۆستایان، بازنشستگان و ژنان و بەگشتیی هەموو چین و توێژە بەشخوراوەکان کوردستان و ئێران بۆ وەست‌هێنانی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان، جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە مەسەلەی وەدی هاتنی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشخوراوانی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ مەسەلەی میللی نەتەوەی کورد و هیچیان لە یەک جیا ناکرێتەوە. پێکهێنانی کیانێکی کوردی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکرات، سێکۆلار و فێدراڵ‌دا کە ناوەندی هاوکاری خەباتی بۆ دەکا تێیدا مافی چین و توێژە جیاوازەکان و بە تایبەت کرێکاران پارێزراو بێت و  ئەولەوییەتی  حکوومەتێکی کوردی دەبێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١ی مەی ٢٠٢١

١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠