کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

(ڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران)

16:07 - 15 جۆزەردان 2721

هاونیشتیمانیانی بەڕێز! خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! هەر وەک دەزانن و لە ڕاگەیاندنی پێشوومان‌دا هاتبوو، بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەیە و جارێکی‌تر کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە بەڕێوەبردنی بەناو هەڵبژاردن لە لایەکەوە دەسەڵاتی خۆی یەکدەست کاتەوە و لە لایەکیترەوە بە هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان مەشرووعیەتی خۆی هەم بە خەڵکی بەشمەینەتی ئێران و هەم بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بداتەوە. بە نەریتی خولەکانی پێشوو ئەم دەورەش شوڕای نیگەهبان بە رەدی سەڵاحییەتی کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک‌کۆماری بەربژێر کردبوو، جارێکی‌تر مۆری تەئیدی لەو ڕاستییە دایەوە کە هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جیا لە شانۆگەرییەکی درۆیین هیچی تر نییە. ڕەدی سەڵاحییەتی سەرۆک‌کۆماری پێشوو، سەرۆکی پێشووی پارڵمانی ئێران و جێگری سەرۆک‌کۆماری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم ڕاستییە دەسەڵمێنێ کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵقەی نزیکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەرتەسکتر و تا دێ متمانە بە نزیکترین کەسانی ئەم نیزامە کەمتر دەبێتەوە. تا دێ پانتایی ئەو بازنەیەی کە پێی‌وایە هەڵبژاردنەکانی ئێران جیا لە بەرێوەبردنی شانۆگەرییەکی لەپێشدا داڕێژراو و مۆهەندیسی‌کراو هیچی تر نییە بەرینتر دەبێتەوە و تا ئەو ئاستە ڕۆیشتووە کە تەنانەت دام‌و دەزگا تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی باس لە بەشداریی ٢٥ لە سەدیی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دورەیەدا دەکەن و ئەمە دەبێتە ڕیسواییەکی گەورەی تر بۆ کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی ترەوە نیگەرانی لە نەمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی پاش ئەم ڕووداوە، بە تەواوی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی پەرێشان کردووە و بە ئاشکرا بۆتە بناغەی تەحلیلی دەسەڵاتی حاکم لە ئێران و باس لەوە دەکرێ کە لە ڕاستیدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەرک کۆماری نییە، بەڵکوو ڕێگەخۆش‌کردن و چنینی مۆرەی پێویستە بۆ جێگرەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان! ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران جارێکی‌تر هەڵوێستی خۆی لە هەمبەر تەحریمی فەعالی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی دووپات دەکاتەوە و جەخت لە سەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە بەشداری هەر تاکێکی کورد بە تایبەتی و ئێرانی بە گشتیی لەو هەڵبژاردنانەدا خزمەتی ڕاستەوخۆیە بە کۆماری ئیسلامی و هەوڵە بۆ نەجاتی ئەم ڕێژیمە جینایەتکارە لە ڕووخانی یەکجاری. ئەوەی کە چاوەڕوانیی ئێمەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری نەکردنیان لە لایەک و هەوڵ بۆ وشیارکردنەوە و بەشداری‌نەکردنی خەڵکی دەوروبەری خۆشیان لە لایەکی ترەوە، سندووقەکانی دەنگدان لە کوردستان چۆل بێت و بەناو هەڵبژاردنی ئەم جارە بکەن بە ڕێفراندۆمی نا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. دەنگی ناڕەزایەتی ئەم جارەی ئێمەی کورد دەبێ لە هەمیشە بەرزتر و ورەی بەرەنگاریمان لە هەمیشە قایمتر بێت و بۆ چەندەمین جار بیسەلمێنین کە کوردستان قەڵای خۆڕاگڕی و پێشڕەوی شۆڕشگێرییە لە ئاستی هەموو ئێراندا. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ هەتاوی ٣ی ژوئەنی ٢٠٢١ زایینی