کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی مردنی ئەبولحەسەن “بەنی سەدر”، یەکەم سەرکۆماری ئێران

19:59 - 17 رەزبەر 2721

بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ سەر لە بەیانی، بنەماڵەی " بەنی سەدر" لە ماڵپەڕی" انقلاب اسلامی" بڵاویان کردووەتەوە، ئەبولحەسەن “بەنی سەدر”، یەکەم سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەمە،٩ی ئۆکتۆبرلە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا ، پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کردوە. ئەبولحەسەن “بەنی سەدر”، بەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، یەک لە تێکۆشەرانی دژ بە ڕێژیمی شایەتی لە دەرەوەی وڵات بوو. وەک سیاسییەک و ئابووریزانێک، هەڵگری باوەڕی دینی و بڕوامەند بە ئایینی ئیسلام بوو و، ئەمە بووە هۆی ئەوە دوای جێگیربوونی خومەینی لە فەرانسە و پەرەگرتنی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی ڕێژیمی شایەتی، پێوەندی و هاوکاریی “بەنی سەدر” لە گەڵ خومەینی، زیاتر بێت و ببێت بە یەک لە ڕێڕەوانی. ئەو هاوکارییە بە ڕادەیەک بوو کە زۆر جار وەک یەک لە وتەبێژان و یاریدەدەرە یەکەمەکانی خومەینی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە پاریس گەڵ ڕاگەیەنەکان دەدوا. کاتێکیش خومەینی لە فەرانسەوە گەڕایەوە بۆ ئێران، “بەنی سەدر” لە زانکۆکانی ئێران کەوتە پێکهێنانی کۆبوونەوە و متینگ پێکهێنان بۆ خوێندکاران و بانگەشە بۆ بیروڕاو بۆچوونەکانی خۆی. بەهاری ١٣٥٨(١٩٧٩) لە لایەن خومەینییەوە بە ئەندامی شووڕای شۆڕشی ئێران دیاری کرا. لە یەکەم هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێراندا کە ڕێبەندانی ١٣٥٨ بەڕیوە چوو، “بەنی سەدر” بە پشتیوانیی خۆمەینی، خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری کاندیدا کرد و دەنگی هێنایەوە. حیزبی دیموکرات و زۆربەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەو هەڵبژاردنەیان بە هۆی نەبوونی هیچ کاندیدایەکی هەڵگری بەرنامە بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە کوردستان و ئێران، بایکۆت کرد. لە گەڵ ئەوەشدا، کاتێک “بەنی سەدر” بە سەرکۆماری ئێران هەڵبژێردرا، حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ئەگەرچی ئەم حیزبە و خەڵکی کوردستان دەنگیان بە “بەنی سەدر” نەداوە، بەڵام ڕێز بۆ دەنگی خەڵکی ئێران دادەنێن و چاوەروانن سەرکۆماری هەڵبژێردراو، وەڵامی گونجاو بە داوای خەڵکی کوردستان بداتەوە. “بەنی سەدر” لە پێگەی سەرکۆماری ئێراندا، بە داخەوە وەک زۆر لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی ڕێژیمی تازە، لە گەڵ زۆر پرس و بابەتی گرینگی ئەو سەردەمە، بە تایبەتی پرسی نەتەوەیی گەلانی ئێران و بە دیاریکراوی داوای خودموختاریی خەڵکی کورستان، نەک هەر بە شێوەیەکی نیشتمانی ، دادپەروەرانە و دیموکراتیک هەڵسوکەوتی نەکرد و ڕێگەی لێکتێگەیشتن و چارەسەر و ڕێککەوتنی هەڵنەبژارد، بەڵکوو بە توندی کەوتە دژایەتیکردن و تاوانبارکردنیان وقۆڵی لە سەرکوتکردنیان هەڵماڵی. وتە بە ناوبانگەکەی "ئەرتەشییەکان، هەتا لە پاکسازیی کوردستان نەبوونەوە، نابێ قەیتانی پۆتینەکانیان بکەنەوە" کە ناسێنەری بیرکردنەوەی ئەو کەسایەتییە لەو سەردەمەدا بوو، لە بیرەوەریی خەڵکی کوردستاندا هەروا ماوەتەوە. خومەینی و کۆنەپەرستانی هاوبیروبڕوای کە بە زۆری لە ڕێبەریی "حزب جمهوری اسلامی"دا کۆ ببوونەوە، نیازیان بوو دیکتاتۆرییەکی نوێ لە سەر بناغەی ویلایەتی فەقیه وبە گوێرەی بیرکردنەوەی سەدەنێوەڕاستییەکانی خۆیان بنیات بنێن. ئەوان پێویستیان بەوە بوو شانبەشانی سەرکوتی هەربزووتنەوەیەکی دیموکراتی و ئازادیخوازی و هەر حیزب و رێکخراوێکی بەرهەڵستکار لە ئاستی گۆڕەپانی سیاسی و نێو هەناوی کۆمەڵدا، هەر چەشنە دەنگێکی جیاواز و ناڕازی لە نێو خودی ڕێژیمەکەشدا دەمکوت بکەن. هەر بۆیە “بەنی سەدر”یان کە تێگەیشتنێکی جیاوازلەوانی لە دەسەڵاتدارەتی و بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەرتەش و... هەبوو و بەربەرەکانیی مەجلیس و هێندێک ناوەندی دیکەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی دەکرد، لە فەرماندەریی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرکۆماریی وڵات، لابرد و ناچار بە ڕاکردن لە ئێرانیان کرد. حیزبی دیموکرات و "بەنی سەدر" دەورەیەکی کورتیش لە چوارچێوەی شووڕای نیشتمانی بەرگری کە بە هاوبەشی لە گەڵ ڕێکخراوی موجاهیدین و چەند ڕێکخراو و کەسایەتیی دیکە پێک هات، بە یەکەوە لە پێوەندی و دیالۆگ و هاوکاریدا بوون. "بەنی سەدر" دوای ڕاکردنی لە ئێران و گیرسانەوە لە فەرانسە، خەباتی سیاسی و فکری و میدیایی بە مەبەستی لەقاودانی نێوەرۆکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێدا. ئەو بە هۆی ڕابردووی سیاسی و بوونی پێشووی لە پۆستی یەکەم سەرکۆماری ئێراندا، هەر وەها بە هۆی شێلگیربوونی لە دژایەتیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێراندا، وەک کەسایەتییەکی سیاسی، جێگەی سەرنج و بایەخپێدانی ناوەندە سیاسی و میدیاییەکان بوو. دیارە لێکدانەوە و بۆچوونەکانی لە بارەی چۆنیەتی چارەسەری کێشە گرنگەکانی ئێران و جۆر و سیستەمی دەسەڵاتدارەتیی داهاتووی وڵات، ڕێگر بوون لەوەی جێگە و پێگەیەکی میحوەریی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دا هەبێ. یەکێک لە لاپەڕە درەوشاوەکانی تێکۆشانی سیاسیی بەڕێز "“بەنی سەدر”" کە حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی کردووەتەوە، هاوکاریی بە نرخی ئەو کەسایەتیە لە گەڵ دادگای میکۆنووس(دادگای لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرانی تیرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی) بە ئامادەبوونی خۆی و شایەدیدانی، هەر وەها لە ڕێگەی ناساندنی شایەدێکی تایبەت بەو دادگایە بوو. ئەو هەنگاوانەی بەڕێز “بەنی سەدر” ڕۆڵێکی گرنگییان لە ناساندنی پەیکەرەی ماشێنی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرییەکەی بە دادگا و، لە ئاکامدا دەرچوونی بڕیارە مێژووییەکەی ئەو دادگایە لە بارەی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو. حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی مردنی "ئەبولحەسەن بەنی سەدر" یەکەم سەرکۆماری ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هۆگرانی دەکا و، سەرەڕای ڕەخنە و تێبینییەکانی لە هەڵوێست و بڕیار و بۆچوونەکانی لە سەردەمی سەرکۆماری بە تایبەتی لە پێوەندی لە گەڵ پرسی نەتەوەیی و ڕووداوەکانی کوردستاندا، بە ڕێزەوە ئاوڕ لە خەبات و تێکۆشانی ئەو دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان دەداتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠