کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەپۆلی نوێی ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان

20:14 - 23 خەزەڵوەر 2721

کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان! ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ! کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان! لە پەلامارێکی سەرکوتکەرانەی دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆسەر چالاکانی مەدەنی له کوردستان‌، به دەیان کەس دەسبەسەر و ڕاپێچی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کران. لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ خەزەڵوەری ١٤٠٠ هەتاوییەوە تا ئێستا زێاتر لە ۳۰ کەس لە چالاکانی مەدەنی کە زۆربەیان چالاکی فەرهەنگی و ژینگەپارێزن، لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنەوە دەسبەسەر و ڕاپێچی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری سنە کراون. ئەم شەپۆلە نوێیە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە دوای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ڕەئیسی، دەرخەر و سەلمێنەری دوژمنایەتیی لەبڕاننەهاتووی ئەم نیزامە لەگەڵ خاک و خەڵکی کوردستانە. دەوڵەتی تازەی خۆسەپێن کە لە ئێستادا بە دەیان قەیرانی چارەسەرنەکراوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێوەندیدار بە ژیان وگوزەرانی خەڵکی وڵاتی لە ئەستۆیە و لە ئاستی نیونەتەوەیی‌ و ناوچەکەدا لە هەمیشە گۆشەگیرتره و لەگەڵ رق و بێزاریی پەنگخواردووی خەڵکی وڵات بەرەوڕوویە، بەم پەلامارەی بۆسەر چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، خەریکە هێزی خۆی بەرانبەر بە خەڵک بە تاقی دەکاتەوە. غافڵ لەوەیکە دەوڵەتانی پێش ئەو و، ئەم ڕێژیمە لە تەواویەتی خۆی‌دا زیاتر لە چل ساڵە هێزی سەرکوت و دوژمنایەتیی خۆیان لەسەر خەڵکی کوردستان تاقی دەکەنەوە و جیا لە پەرەسەندنی ڕق و بێزاریی خەڵک و لەسەرپێمانەوەی ئەم نەتەوە مافخوازه بەرهەمێکیان نەچنیوەتەوە. پەلاماری هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیوەی دووهەمی خەزەڵوەری ئەمساڵ‌دا لە کاتێک دایە کە دادگایەکی نێونەتەوەیی لە وڵاتی بریتانیا وێڕای ئامادەبوونی سەدان شاهید و قوربانیی دەستی چاڵەڕەشەکانی ئەم ڕێژیمە، لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەکات. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم شەپۆلە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، بەرانبەر بەم سەرکوتکارییانەی ڕێژیم و چارەنووسی چالاکانی دەسبەسەرکراوی کورد بێ‌هەڵوێست نەبن. هەروەها لەم دەرفەتەدا وێڕای هیواخواستن بۆ بەروپێشچوونی کارەکانی دادگای نێونەتەوەیی لەندەن کە بە دادگای ئابان ناسراوە و دەرچوونی بڕیارێکی ئازایانە و دادپەروەرانە، ئاواتەخوازین لە وەها دادگایەکدا ڕاشکاوانە بڕیاردەرانی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کوردستان دادگایی و بە سزای جینایەتەکانیان بگەن و لە بەرانبەر ئەم جینایەتانەی رێژیم بێ هەڵوێست نەبن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ ١٤ی نوامبری ٢٠٢١