کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بەبۆنەی کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە

03:46 - 13 سەرماوەز 2721

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ۱۲ی سەرماوەزی ساڵی ۱٤۰۰ی هەتاوی بەرامبەر بە ۳ی دێسامبری۲۰۲۱ی زایینی ، زۆر بەداخەوە پێشمەرگە و کادری دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبەکەمان کاک سەید قادر ئەحمەدی بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاداچووندا ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک سەید قادر ئەحمەدی ساڵی ۱۳۱۲ی هەتاوی لە گوندی قایبەردی ناوچەی بانە لە بنەماڵەیەکی دیار و نیشتمانپەروەر چاوی بە ژیان هەڵێنا؛ لەو سەردەمدا کە ئاستی خوێندواری زۆر لە خوارێ بووە نرایە بەر خوێندن و توانیی تا پۆلی ۷ درێژە بە خوێندن بدا. بەدوای ئەودا لەگەڵ بنەماڵەکەی ملی نایە بەر کاری وەرزێڕی و دەست و پەنجە نەرم‌کردن لەگەڵ دەرد و ئازارەکانی ژیان و نابەرابەرییەکانی ڕۆژگار. دەورانی لاوەتیی سەید قادر، هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژانی سەردەمی دامەزران و رووخانی کۆماری کوردستان، دوو ڕووداوی خۆش و ناخۆش کە کاریگەریی قووڵی لەسەر بیر و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی دانا. هەر ئەوەش وایکتد کە ساڵی ۱۳۳۲ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا ببێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو کاتەوە بەڕەسمی و بەردەوامی هاتە ێاو کاروانی خەباتی پڕ لە فیداکاری و قوربانیدان و بەلێنی دا بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمانەتدارییەوە ئەرک و ڕاسپاردەکانی حیزب جێبەجێ بکا؛. لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی  پەهلەوی زۆر چالاکانە بەشداریی کرد و لەگەڵ ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سالی ۱۳٥۸ی هەتاوی وێڕای کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی بنەماڵەکەی بووە پێشمەرگە و لە کومیتەی شارستانی بانە سازمان درا. سەید قادر و وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار و هەڵسوور لە بەشێکی زۆری کار و چالاکیی ناوچەی بانەدا بەشداری کرد و چەندین ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری وەک بەشی قەزایی و گومرک و کاروباری کۆمەڵایەتی بەرێوە برد. پاشان لە بەردەوامیی ژیانی پێشمەرگانەیدا وەک کادرێکی بەوەج لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵایەتی، نەخۆشخانە، ئاسایشگا و کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی ئەرک و بەرپرسایەتیی وەرگرت. نەمر سەید قادر لەماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیی لە ساڵەکانی ۱۳٥۸ تا ۱۳۷۰ی هەتاوی چەند جار بریندار بوو و  چاوێکیشی لەدەست دا، هەروەها نەوەیەکی بە ناوی "سەعدوڵڵا ڕەحیمی" کە پێشمەرگە بوو، لە هاوینی ساڵی ۱۳۷٥ی هەتاوی شەهید بوو و، ئێستاکەش کۆمەلێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا خەبات دەکەن. هاوڕێ سەید قادر ئەحمەدی کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆری گەلەکەی بوو ، ژیانی دەربەدەری و سەختییەکانی خەبات هەنگاوی پێ شل نەکرد و ماندوویی‌نەناسانە درێژەی بە ئەرکە پیرۆزەکانی دا و بەشی هەرە زۆری تەمەنی لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و سەربەستیی گەلەکەی تەرخان کرد. بەبۆنەی کۆچی دوایی هاورێی تێکۆشەر و ئەمەگناس کاک سەید قادر ئەحمەدی سەرەخۆشی و هاودەردیی خۆمان ئاراستەی هاوسەنەگرانی، بنەماڵە خەباتگێڕەکەی، خاتوو ئامینە و کوڕ و کچەکانی و خزمان و ناسیاوانی لە ناوچە و شاری بانە دەکەین و بەشداری خەم و پەژارەیانین. سلاو لە روحی پاکی و یاد و خزمەتەکانی لە دڵی مێژوودا بە زیندوویی دەمێننەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی پێشمەرگە