کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان

13:14 - 26 سەرماوەز 2721

خەڵکی تێکۆشەر و وڵاتپارێزی کوردستان! بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی کوردستان! ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان!   لەمڕۆدا ڕێز لە یاد و بیرەوەریی ڕۆژێکی گرینگی مێژووی پڕ سەروەریی گەلەکەمان دەگرین کە بۆتە پێناسی نەتەوەییمان لە خەباتی ئازادیخوازانە و خوێناویی خەڵکی خۆڕاگری کوردستاندا. ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (بەرامبەر بە ١٦ی دسامبری ١٩٤٥ی زایینی) سەرەتای مێژوویەکی گەش و پڕشنگدارە لە سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی و گەشەی بیری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەو سەردەمدا بە هۆی هاتنەناوەوەی هێزە هاوپەیمانەکان بۆ ئێران، کەشێکی لەبار هاتە ئاراوە کە نیشتمانپەروەرانی کورد خەباتی نەتەوایەتی پەرە پێ بدەن و بە دەستپێشخەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئاڵای کوردستان لە مەهاباد هەڵبکەن و بە یەکێک لە ئاواتە لە مێژینەکانی خۆیان بگەن. ئەمڕۆ ٧٦ ساڵ بەسەر ئەم هەنگاوە مێژووییەدا ڕادەبرێ. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان بە چەندین قۆناغی دژوار و خوێناویدا تێپەڕ بووە و ئەو کاروانە نەپساوەیە بە ئازایەتی و فیداکاریی ڕۆڵە بە بیروباوەڕەکانی گەل هەروا بەردەوامە. پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بەڕەسمی لەسەر خەباتگێڕی چەکداری کورد دانرا و لەو کاتەوە ئەم ناوە واتە "پێشمەرگە" بۆتە هێمای ئازایەتی و بەرگری لە کەرامەت و شوناسی نەتەوەییمان لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا، ئاڵا و پێشمەرگە بوونە دووانەیەکی لەیەک‌جیانەکراو و جێگای شانازیی گەلەکەمانن. هەر بەو هۆیەوە بوو کە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی (١٩٨٤ی زایینی) حیزبی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و فیداکاریی پێشمەرگە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی بە ناوی ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کرد. لەو ساڵەوە تائێستا هەموو ساڵێک بۆ ڕێزگرتن لە شکۆی ئاڵا و لە خۆبوردوویی پێشمەرگە ئەم ڕۆژە دەکرێتە جێژن. بەم شێوەیە ٢٦ی سەرماوەز هاوکات ڕۆژی ڕێزگرتن لە ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانە. ئەگەر سەردەمانێک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یادی ئەم هێمایانە دەکرایەوە بە خۆشییەوە ئێستا لە کوردستان بە گشتی و لە باشووری کوردستان بەڕەسمی ڕێز لە ئاڵا و پێشمەرگە دەگیرێ و ٢٦ی سەرماوەز بەڕەسمی کراوەتە ڕۆژی ئاڵا. بەم بۆنەوە لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی ئازیزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە گیان‌لەسەردەستەکانی کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەین و شانازی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەکەین کە داهێنەری ئاڵا و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیە.   بەشدارانی بەڕێزی کۆڕی ڕێز گرتن لە ڕۆژی پێشمەرگە! ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە هەلومەرجێکدا ڕێز دەگرین کە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ کێشەدا تێپەڕ دەبێ، سەرەڕای پەتای کۆڕۆنا و ئاسەوارەکانی کە کاری کردۆتە سەر هەموو جومگەکانی ژیان لە ئاستەکانی ئابووری، بازرگانی و لەشساغی و ... لە دنیادا، شەڕی بەرژەوەندییەکان لە ئاستی سیاسی، ئابووری، نەتەوەیی و مەزهەبی و کولتووری لە ئارادایە، بە واتایەکی دیکە شەڕی دوو بەرەی ئاشتی و تێرۆر، کۆنەپەرستی و پێشکەوتن، دیکتاتۆری و ئازادیخوازی، هەروەها دوگماتیزم و فرەچەشنی بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایش و هێمنیی ناوچەکە. لە دۆخێکی ئاوادا ڕێژیمی کۆنەپەرست و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی پاراستنی پیرۆزییەکانی ئیسلامدا خەریکی پیلانگێڕی و توندوتیژیی مەزهەبی و ئاژاوەگێڕییە لە وڵاتانی حەوزەی خەلیجی فارس بە تایبەتی لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن و ...... بەئاشکرا پشتیوانی لە تاقم و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەکا و بەو هۆیەوە نەخشی سەرەکی لە ناسەقامگیریی ناوچەکەدا دەگێڕێ. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە وڵات تووشی قەیرانێکی قووڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک لە دژی ڕێژیم پەرە دەستێنێ، بێ بایەخ‌بوونی ڕیاڵی ئێرانی، گرانیی سەرسووڕهێنەر، بێکاری، فەسادی ئیداری و ماڵی، بەرتیل‌خواردن، ئیعتیاد، لێک‌ترازانە کۆمەڵایەتییەکان دۆخی نالەباری کۆڕۆنا و بێ‌کیفایەتیی بەرپرسان لەو بوارەدا و زۆر شتی دیکە، ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ٥٠ لە سەدی خەڵکیان هێناوەتە ژێر خەتی هەژاری. فەزای نێوخۆی وڵات بەتەواوی سەربازییە و گوشار و هەڕەشەی زۆر زیاتر لە ڕابردوو خراوەتە سەر تێکۆشەرانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان، کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبییەکان و ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان و ساڵانە بە سەدان کەس لەو چالاکانە، دەگیرێن و زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و پێش بە تێکۆشانیان دەگیرێ. بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆ خەراپترە. سەرەڕای ئەو هەموو زەبروزەنگە ساڵانە بە سەدان کەس کە بۆ پەیداکردنی بژێوی خاووخێزانیان ناچارن لە سنوورەکان کۆڵبەری بکەن، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ ڕێوشوێنێکی ئینسانی بە تەقەی هێزە ئینتزامیەکان دەکوژرێن و بریندار دەکرێن، و هێزەکانی ڕێژیم لە هیچ کردەوەیەکی دژی مرۆڤانە سڵ ناکەنەوە.   وەفادارانی ئاڵا و پێشمەرگە لە کوردستان! لە هەلومەرجێکدا کە دۆخی وڵات، لە هەموو بارێکەوە لەو پەڕی خراپی و شپرزەیی‌دایە، خەڵک پێویستیان بە یارمەتی و هاوکاریی حکوومەت بەتایبەتی پێداویستییە دەرمانییە سەرەتاییەکان هەیە، سوپای پاسداران دەستی بە سەر زۆربەی جومگەکانی ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتدا گرتووە و ساڵانە بە دەیان ملیارد دۆلار دەکاتە هەزینەی پیلانگێڕییەکانی لە ناوچەدا و خەریکی بەرهەم‌هێنانی ئۆرانیۆم بۆ دروست‌کردنی چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدانی سیستەمی مووشەکی و پەهبادەکانە. ئێستا کە دەورێکی دیکە لە دانوستانەکانی وڵاتانی٥+١ لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیم بۆ پێشگیری لە تێپەڕاندنی ڕێژەی دیاری‌کراوی پیتاندنی ئۆرانیۆم و گەڕانەوەی چاوەدێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی دەستی پێ کردۆتەوە، ڕێژیم کە بە ڕاوەستانی کۆبوونەوەکانی بەرجام توانیویەتی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە   ٢٠ لە سەدەوە بگەیەنێتە ٦٠ لە سەد، لە چەند خولی دانیشتنی ئەم دواییانەدا بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی وەدەست‌هێنانی کاتی زیاتر دەدا. بۆیە وتووێژەکان هیچ پێشکەوتنێکیان بە خۆوە نەدیوە، ئەوەش دەرفەت دەداتە ڕێژیم کە ئۆرانیۆم زیاتر بەرهەم بێنێ. بەڵام وڵاتانی بەشدار لەو پڕۆسەیەدا سوورن لەسەر ئەوەی کە نابێ ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕا بگا، لە ئاکامی سەرنەکەوتنی دانوستانەکاندا چاوەڕوانی دانانی گەمارۆی زیاتر لەسەر ئێران دەکرێ و ئەوەش دەبێتە هۆی بارگرانییەکی زیاتر بۆ خەڵک و هەر ئەوانن کە تووشی گیروگرفت و کێشەی زیاتر دەبنەوە و باجەکەش هەر دەبێ ئەوان بیدەن. بارستایی ئەو هەموو بوحران و کێشە و گرفتانە و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنیان، دەرهاویشتەی زۆری لێ کەوتۆتەوە و ڕۆژ نییە لە چەندین شار و ناوچەی جۆراوجۆری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ڕوو نەدا، بەڵام لە جیاتی وەڵامی داخوازەکانی خەڵک، هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات‌پارێز پەلاماریان دەدەن و دەیاندەنە بەر دەستڕێژ و دەیانکوژن و برینداریان دەکەن و بەکۆمەڵ ڕاپێچی سیاچاڵەکانیان دەکەن. بەڵام هیچ کام لەوانە نەیتوانیوە پێش بە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بگرێ، بەڵکوو ئەو بەگژداچوونەوانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنن و وەزعەکە ئاڵۆزتر دەبێ. لە هەلومەرجێکی ئاوادا هێزە سیاسییە  ئێرانی و کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و چالاکانی سیاسی و ئۆپوزیسیۆنی نێوخۆ بە پشتیوانیی کۆمەڵانی ناڕازیی خەڵک، بەرپرسایەتیی مێژووییان دەکەوێتە سەرشان لە ڕێبەری‌کردنی ئەو ناڕەزایەتییانە و بە فیڕۆنەدانی ئەو پوتانسیەلە زۆرەی لەنێو جەماوەردا هەیە، تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەو دۆخە، بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و یەکگرتوویە بە بەرنامەیەکی گشتگیر و پلاتفۆڕمێکی هاوبەشەوە کە باوەڕی بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ و پلۆرالیزم و مافە نەتەوایەتییەکان و فێدڕالیزم لە چوارچیوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا هەبێ و ببێتە  جێگرەوەیەکی بەهێز و جێگای باوەڕ و ئیعتمادی زۆرینەی خەڵک لەدژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا.   خوشک و برایانی خۆشەویست! ڕێژیم پاش ئەوەی پەلاماری کوردستانی دا، لەگەڵ بەربەرەکانیی خەڵک و خۆڕاگریی پێشمەرگە بەرەوڕوو بوو. پێشمەرگە بۆ دیفاع لە مان و مەوجودییەتی گەلەکەی بڕیاری دا بەرپەرچی پەلامارەکانی ڕێژیم بداتەوە، هێزە دژی‌گەلییەکان لە هیچ جینایەتێک دەستیان نەپاراست و ماهییەتی دژی ئینسانی و شەڕفرۆشییەکانی زیاتر ئاشکرا بوو. ئەوە زیاتر لە ٤٢ ساڵە کوردستان بۆتە سەنگەری خۆڕاگری لە بەرامبەر سیاسەتی چەوت و دوژمنانەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام خەبات و تێکۆشان لە ڕەهەندی جۆراوجۆردا بەردوام لە ئارادایە، لە کاتێکدا دمڕاستەکانی ڕێژیم لە ئاست چارەسەری کێشە و داخوازە ڕەواکانی خەڵک دەستەوەستان و داماون، سەرەڕای هەوڵدان بۆ سەرکوت و کپ‌کردنی ئەو شەپۆلە بەرینە لە ڕق و تووڕەیی خەڵک و دژبەرانی، لەم دواییانەدا هێرشێکی بەرینی میدیایی بە دروست‌کردنی چەند فیلمی بێ‌بنەما و دوور لە ڕاستی بۆ ناشیرین‌کردنی خەباتی هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات دەست پێ کردوە و هەڕەشەی لێدان و زەربە وەشاندنیان لێ دەکا. بەڵام بیروڕای گشتی و خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانن کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان چەندە سیمایەکی سیاسی، نەتەوەیی و مرۆڤ‌دۆستانەی لە خۆی نیشان داوە. لەگەرمەی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی کە کوردستانیان، شەڵاڵی خوێن دەکرد و خەڵکی بێ‌دیفاعیان کۆمەڵکوژ دەکرد، ڕەفتاری کورد و هێزە سیاسییەکانی جۆرێکی دیکە بوو. بەسەدان و بگرە هەزاران جاش و پاسدار و ئەرتەشی لە مەیدانەکانی شەڕدا بە دیل گیراون و بەپێی پەیماننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ ڕەفتاری زۆر ئینسانی و شیاویان لەگەڵ کراوە و زۆر جاریش هەر پاش تەواوبوونی شەڕەکە ئازاد کراون. بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم جۆرە کارانە ناتوانێ ڕووی ڕەش و جینایەتکارانەی خۆی بشارێتەوە و ئەو تاوانانەی کە بۆ خۆی جێبەجێی  کردوون بداتە پاڵ هێزە ڕەسەن و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان کە هەڵقوڵاوی هەناوی خەڵکن. لەم بۆنە پیرۆزەدا بەڵێن دەدەین چۆن هەتا ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاڵا هەڵگری دیفاع لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بووە و چۆن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پاڵپشتیی گەلەکەی، قەڵغانی بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەکەی بووە، هەتا گەیشتن بە ئاوات و هیواکانی خەڵکی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن و هیچ هەڕەشە و گوشارێکی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ناتوانێ لەو ڕیساڵەتە مێژووییە کە لەسەر شانی حیزب و هێزی پێشمەرگەیە ساردیان بکاتەوە، بەڵکوو بە باوەڕ و ئیمانێکی بەهێز و زیاتر لە جاران لە پێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان تێدەکۆشن و ئامادەن گیانیان بەخت بکەن. سڵاو لە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان کە هەردەم پشتیوانی ڕاستەقینەی خەباتی پێشمەرگە بوون. سڵاو لە ئاڵا و پێشمەرگە، دوو پێناسەی نەتەوەیی کورد و کوردستان. سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە هێمای فیداکاری و بەرگرین. سڵاو لە زیندانیانی سیاسی و کەم‌ئەندامانی سەنگەر. بەرز و پیرۆز بێ ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان.  

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٦ی سەرماوەزی١٤٠٠ی هەتاوی