کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری نەغەدە کۆچی دوایی کرد

19:15 - 1 خەرمانان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ـی گەلاوێژی ١٤٠١ـی هەتاوی بەرامبەر بە ١٧ـی ئاگۆستی ٢٠٢٢ـی زایینی کاک "کەماڵ عەبدوڵڵازادە" ئەندامی حیزبی دێموکرات و برای تێکۆشەری دێرینی حیزب "جەماڵ عەبدوڵڵازادە" لە گوندی "خەلیفانـ"ـی سەر بە شاری نەغەدە کۆچی دوایی کرد. کاک "کەماڵ عەبدوڵڵازادە" یەکێک لەو ڕۆڵە دڵسۆز و بەئەمەگانە بوو کە بەردەوام پشتیوان و خەمخۆری حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە  بوو. ناوبراو ساڵی ١٣٧٠ـی هەتاوی لەسەر بیروباوەڕی سیاسی و نیشتمانی ماوەیەک دەسبەسەر کرا و لەلایەن ڕێژیمی پەت و سێدارەی ئێرانەوە  بەرەوڕووی توندترین ئازار و ئەشکەنجەکان بووەوە. ناوبراو ساڵی ٢٠٠٣ـی زایینی ڕووی لە وڵاتی ئامریکا کرد و لەو وڵاتەش وەکوو ئەندامێکی کارا، ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد. "کەماڵ عەبدوڵڵازادە" لە ژیانیدا کەسێکی کۆمەڵایەتی، قسەخۆش و دڵسۆزی هاوڕێیان و هەموو لایەک بووە. بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ـی گەلاوێژی ١٤٠١ـی هەتاوی کاک "کەماڵ عەبدوڵڵازادە" کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ـی گەلاوێژ لەنێو ئاپۆرای خەڵکی گوندی "خەلیفانـ"ـی سەر بە شاری نەغەدە بە خاک سپێردرا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری کاک "کەماڵ عەبدوڵڵازادە" و خەڵکی خەلیفان و ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.