کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ و جێژنی یەکگرتنەوە لە وڵاتی سویس

19:32 - 1 خەرمانان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ بەرامبەر بە ٢٩ی گەلاوێژ، لە وڵاتی سویس ڕێوڕسمێکی بەشکۆ بە بەشداریی سەدان کەس  لە کوردستانیانی نیشتەجێی وڵاتی سویس و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە کە لەلایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێک خرابوو بەڕێوە چوو. ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. سەرەتا لەلایەن هەر دوو بەڕێوبەری بەرنامە "ڕاسان نەجمی و تەوار ئابرووزەنی'' بەخێرهاتنی  بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمە بەشکۆیە کرا، پاشان لەلایەن "خەسرەو ئەحمەدی" کەمئەندامی ناو سەنگەر و "مەنیج عەزیزی" خوشکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بە نوێنەرایەتی لە کەمئەندامانی حیزب و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان مۆمی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزب هەڵ کرا. پاشان بەرنامەکانی تایبەت بە ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ و ڕێوڕەسمی تایبەت بە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب بە فەرمی و لەلایەن ''ئەحمەد شێربەگی'' سیمای دیاری ‌ڕۆژهەڵات و بێژەری بەتوانای ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد. ''ئەحمەد شێربەگی'' لە سەرەتای وتەکانی وێڕای پیرۆزبایی لە ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزب لەمەڕ یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب وتی: ''ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە دوای ماوەیەکی زۆر خۆم لە کۆڕی ئێوەی تێکۆشەردا دەبینمەوە، بۆیە سەرەتا پێم خۆشە لە خزمەت ئێوە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە و هەموو ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات سپاسی بێپایانی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵیان داوە و ماندوونەبوون بۆ وەسەریەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات. ''شێربەگی'' لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ''دەبێت هەموومان برینەکان ساڕێژ بکەین و ئەم یەکگرتنەوەیە دەبێت وەک بوومەلەرزەیەک هەموو پێگەکانی ئەو ڕێژیمە لە بواری خەباتی دیپلۆماسی و سیاسی و خەباتی بە کردەوە بلەرزێنێت و ئەم یەکگرتنەوە بکەین بە یەکگرتنەوەیەکی بەرینتر بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵات تا هەموو وزەکان بخەینە خزمەت ئەو بزاڤەوە''. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی هاوبەشی کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ''زاهێر قادر حاجی'' پێشکەش کرا. ''زاهیر قادر حاجی'' لە سەرەتای پەیامەکەدا وتی: ''ئەمرۆ ڕۆژێکی مێژوویی و زۆر تایبەتە، چۆنکە دوای ماوەیەکی زۆر دابڕانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، ئێستا ئێمە وەکوو بنەماڵەی گەورەی حیزبی دیموکرات لە دەوری یەکتر کۆبووینەتەوە و بە هاوبەشی ڕێز لە ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات دەگرین و پێمانوایە کە بە یەکەوە دەتوانین بەهێز بین و خەبات و تێکۆشانمان لە یەک سەنگەردا دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە پێ بدەین''. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باسی لەوە کرد کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرحەق و ڕەوایە و حیزبەکەمان خاوەن ئەزموونێکی زۆرە، خاوەنی بڕیار و مێژوویەکی پڕ هەوراز و نشێوە و لە هەمان کاتدا پڕ لە سەروەرییە. لە لایەکی دیکەشەوە پشتیوانیی بێوێنە و پان و بەرینی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات و هەروەها یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دیموکرات ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ خەباتەکەمان دەبێ بەربڵاوتر و جیدیتر بێت بۆ هەنگاونان بەرەو ئازادی و ڕزگاریی یەکجاریی نەتەوەکەمان. قادر حاجی لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا وتی: ''لەگەل ئەوەیکە ٧٧ـەمین ساڵی تەمەن و یەکگرتنەوەی ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات جەژن دەگرین و شانازی بە رابردووی مێژووی خەباتەکەمانەوە دەکەین، لە هەمان کاتدا پێویستە بۆ کاراکردن و بەهێزکردنی خەبات، خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان دەستنیشان بکەین و هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی تێکۆشانی حیزبەکەمان بدەین. لە بەشیکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی هاوبەشی یەکیەتیەکانی ژنان و لاوان لەلایەن '' ڕزگار ڕەشیدی'' بە زمانی کرمانجی پێشکەش کرا. بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی پەیامی هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان کە بەو بۆنەیەوە پێشکەشیان کرد. ئەو حیزب و لایەنانەی کە پەیامیان بۆ ئەو بۆنەیە ناردبوو بریتی بوون لە : یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان پارتی دێموکراتی کوردستان حیزبی شیوعیی کوردستان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سازمانی خەباتی کوردستان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک "پەیەدە" پارتی یەکیتیی دێموکراتی کورد لە سووریە "یەکیەتی" کۆما جێڤاکێن دێموکراتا کوردستان "کە جە د کە" پارتی سوسیالیستی کوردستان "پە سە ک" ناوەندی کۆمکار لقی سویس تەڤگەری دێموکراتیکی کوردستان "تەڤگەر" ئەنستیتۆی کورد لە سویس کۆنفیدراسیونی ڕەوەندی کوردستانی لقی سویسرا ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژنامەنووس ''هیوا ناسێح'' ڕۆژنامەنووس و نووسەر ''ئایدین دێرە'' شارەداری پێشووی شاری باتمانی باکووری کوردستان  "نیجدەت ئاتالای" لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا  هونەرمەند ''کاوە ئورومیە'' بە دەنگە پڕ لە حەماسەکەی چەند سروودێکی پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمە کرد. دواتر پارچە هۆنراوەیەکی  پڕ لە هەست و سۆزی نیشتمانی کە تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ بوو لەلایەن ''عەلی سۆڕەچۆمی'' ئامادە کرابوو پێشکەش کرا. بەشی کۆتایی بەرنامەکە تەرخان کرا بۆ ئاهەنگی شادی و گۆڤەندی بەشدارانی ئەو ڕیوڕەسمە کە تا درنگانێکی شەو لە کەش و هەوایەکی پڕ لە خۆشیدا درێژەی کێشا.