کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناساندنی کتێبی "ئازادی لە هزر و ڕامانی قاسملوودا"

02:16 - 2 خەرمانان 2722

کتێبی "ئازادی لە هزر و ڕامانی قاسملوودا"، کە لە لێکۆڵینەوە و نووسینی عەلی مونەزەمی، نووسەر و لێکۆڵەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم هێنراوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە بە وتەی دەستپێک و سپاس و پێزانینی لێکۆڵەر بۆ ئەو کەسانەی لەم بەرهەمەدا یارمەتیدەری بوون دەست پێ دەکات، پێڕستی ئەم پەرتووکە لە ١٠ بەش پێک هاتووە کە بریتین لە؛ نووسینێکی کورتی د. مەجید حەقی، نووسەر و لێکۆڵەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناساندنی هزری د. قاسملوو کە بووەتە دەروازەیەک بۆ ناوەڕۆکی کتێبەکە، پاشان پێشەکیی نووسەر و تەوەرەکانی: تێئۆریی ئازادیی نەرێنی و ئازادیی کۆماریخوازانە، ڕوونکردنەوەی چەند خاڵێکی پێویست پێش باسە سەرەکییەکان، ئازادی لە ڕوانگەی قاسملووەوە وەک ئانترۆپۆلۆژیستێکی مارکسیست – پەرتووکی کوردستان و کورد وەک بەڵگەی سەرەکی، ئازادی لە ڕوانگەی قاسملووەوە وەک چەپێکی دێموکرات و پۆست – مۆدێڕنیست، مانیفێستی ئازادیخوازی لەسەر بنەمای هزرەکانی قاسملوو، ئەنجام و ژێدەرەکان. بەگشتی پەرتووکەکە لە دووتۆی ١٨٨ لاپەڕەدا ئامادە کراوە و لە بەرەبەرەی ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، واتە لە ٣٣ـهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی د. قاسملوودا وەکوو کتێبی ژمارە ٩ لە زەنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی تیشک لەلایەن بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، سەر بە دەزگای پەروەردە و لێکۆلێنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە تیراژی ١٠٠٠ دانەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، هەروەها لە مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵدا لە وڵاتی ئاڵمان جارێکی تر چاپ کرایەوە و لە هەموو وڵاتانی ئورووپادا بڵاو کراوەتەوە. لەسەر ئەوەی کە بیرۆکەی نووسینی ئەو پەرتووکە چۆن و لە کوێیەوە سەرچاوەی گرتووە، پرسیارمان لە بەڕێز عەلی مونەزەمی، نووسەر و لێکۆڵەری کتێبەکە کردووە و بەڕێزیان لەم بارەیەوە بۆ "کوردستان" وتی: "وەک هزر و ئیدە، هەر لە کاتی خوێندن لە زانکۆی ترۆمسودا بیرم لە نووسین لە بارەی ئازادی لەسەر بناغەی هزر و ڕامانی قاسملوو کردبووە. بەڵام پێم مژارێکی قورس بوو و بە جۆرێک خۆم لێی دوور ڕاگرتبوو. تاکوو لە هاوینی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردیدا بڕیارم دا کە کاری لەسەر بکەم. ئەگەر پشتیوانی و هاوکاریی هاوڕێیان لە بواری زانستی و زمانەوانییەوە نەبوایە، بێگومان پەرتووکەکە بەم شێوەیە پۆخت و جوان دەرنەدەچوو، هەرچەند کە دیسانیش بێ ‌کەموکۆڕی نییە. لێرەدا جارێکی دیکە سپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان کارێک یان ئەرکێک کەوتبێتە ئەستۆیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پەرتووکەدا. لەسەر پێشنیاری هاوڕێیان سارۆ ئەردەڵان، شەهاب خالدی و جەماڵ فەتحی (کۆچەر ڕۆژهەڵات)، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک قسە کرا کە ئەوان ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی بگرنە ئەستۆ. دوای ئەوەی کە پەرتووکەکە بەڕێ کرا بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک، ئەوان نێوەڕۆکی پەرتووکەکەیان پەسەند کرد، بەڵام لە بارەی زمانەوانییەوە تێبینیان لەسەری هەبوو. دوای چارەسەریی کەموکۆڕییەکان بەخۆشییەوە ئەوان زەحمەتیان کێشا و بڵاویان کردەوە". پاش شەهیدبوونی د. قاسملووی ڕێبەر، سیمینار، وتار، لێدوان، وتووێژ، لێکۆڵینەوە و کتێبگەلێکی زۆر و جۆراوجۆر لەسەر هەڵوێست، پراکتیک، ڕوانگە، هرز و ڕامانی د. قاسملوو بڵاو کراونەتەوە، لێرەدا ئەو پرسیارەی کە لە مێشکی خوێنەرانی ئەم پەرتووکەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە، گەلۆ جیاوازیی ئەم کتێبە لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی تر کە لەسەر ئەو ڕێبەرە نووسراوە، لە چیدایە؟ یان بە واتایەکی تر چ شتێگەلێک لەسەر د. قاسملوو لەو کتێبەدا نووسراوە کە پێشتر باس نەکرابێتن و نەنووسرابێتن؟ لەم پێوەندییەدا نووسەر ڕایگەیاند: "تا هەنووکە چەندین پەرتووک و بە سەدان وتار و لێکۆلینەوەی زانستی لە پێوەندی لەگەڵ کەسایەتیی د. قاسملوو لە گۆشەنیگای جۆراوجۆری مێژوو، زانستی مودیریەتی، زانستیی مارکسیستی و بابەتەکانی پێوەندیدار بە کورد و ...هتد نووسراوە. مژارەکانی باسکراو لەم پەرتووکەدا، پێوەندییان بە فەلسەفەی سیاسییەوە هەیە. واتە لەم پەرتووکەدا هەوڵ دراوە بەشێک لە فەلسەفەی سیاسیی د. قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیدا شی بکرێتەوە. تا ئێستە زۆر کەس لە کاتی نووسین یان ئاخافتندا لە وتەکانی د. قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیدا وەک فاکت کەڵکی وەرگرتووە. بەڵام یەکەم جارە کە هزر و ڕامانی قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ زاراوەی ئازادیدا لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە شیکردنەوەی بۆ بکرێت. ئەم پەرتووکە چەندین ئامانجی سەرەکیی لە پشتە: ١- ئێمەی کورد کە خەبات بۆ ئازادی دەکەین، پێویستە کە خۆمان بەباشی لە واتای ئەو ئازادییەی مەبەستمانە کە لە ئیرادەی نەتەوەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت، تێ بگەین. ئەم پەرتووکە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی کە خوێنەران هان بدات کە بە دوای تێگەیشتن لە واتای ئازادیدا بڕۆن و لە ئیرادەی نەتەوەکەمان تێ بگەن. لەبەر ئەوەی کە هەوڵی دوژمنانمان تاکوو ئێستەش ئەوە بووە کە لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیدا شیکردنەوەیەکی چرووک و چەوت دەرخواردی تاکی کورد بدەن و هزری ئەوان بە گوێرەی پرێفرانسەکانی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئێمە دەبێت بزانین کە ئازادی چییە و کام بەشی ئەم ئازادییە گرینگە و قابڵی دەست‌لێهەڵگرتنەوە نییە و جیاوازیی ئازادیی تاکەکەسی و ئازادیی گرووپێکی تایبەتی (بۆ نموونە گرووپێکی نەتەوەیی) چییە و ...هتد. بەس ئامانجی سەرەکی، هاندانی تاکی کوردە بۆ خۆپێگەیاندن لە واتای ئەو ئازادییەی کە لە ئیرادەی نەتەوەکەمانەوە سەرچاوەی گرتووە. بە بڕوای من، قاسملوو یەکێک لەو دەگمەنە ڕێبەرانەی کوردە کە توانیویەتی لە ئاخافتن و نووسینەکانیدا ئەو ئیرادەیە زەق بکات و ئێلێمێنتەکانی بەرزەخووییی نەتەوەکەی بخاتە بەرچاو. واتە ئەم کتێبە هەوڵی داوە ئارگۆمێنت و بناغەی هزرەکانی قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیدا بە خوێنەرانی بناسێنێت و لەسەر بناغەی ئەم ڕاستییانە، مانیفێستی ئازادی کە لەو هزرانەی د. قاسملوویەوە سەرچاوەی گرتووە، پێشکەشی تاکی کورد بکات کە لە پێناو و بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئازادییە تێ بکۆشن. ٢- تێگەیشتنێکی قووڵ لە هزر و بیر و ئەندیشەی قاسملوو. زۆر جار دەبینین کە کاتێک فاکتێک لە قاسملوو دەهێندرێت، فەلسەفە و هۆکارەکانی بناغەییی ئەو فاکتانە نازانین و تێ ناگەین کە بۆ قاسملوو توانیویەتی لە وەها فاکتێکی ژیرانە بۆ گەیاندنی مەبەستەکانی خۆی کەڵک وەربگرێت. تێگەیشتن لە بناغەی هزرەکانی قاسملوو بۆ درێژەدان بە خەباتێکی رزگاریخوازانەی نیشتیمانی - نەتەوەیی بۆ ئێمە گرینگە، بۆ ئەوەی کە ئێمە لەسەر ڕێگەی ڕاست و دروستی خەبات ڕابگرێت و لە کاتی پێویستدا بڕیاری دروست بدەین. پێوانە بۆ ئەوەی کە کەسێک خۆی بە ڕێبواری ڕێگەی قاسملوو بزانێت، تێگەیشتن لە بنەما هزرییەکان و بکارهێنانی ئەو یەکە لە پراتیکدایە؛ نەک ئەوەی کە کێ چەند ساڵ لەگەڵ قاسملوو هاوخەبات بووە. ئەم پەرتووکە هەوڵی ‌داوە بناغە هزرییەکانی قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیدا شە‌نوکەو بکات و ڕێبوارانی ڕێگەی قاسملوو و خەباتکارانی کورد هان بدات کە لێی تێ بگەن و لە کاتی پێویستدا بەکاری بێنن بۆ بڕیاردان و کار و خەبات. تێئۆرییەکانی ئازادی وەک نەبوونی سەردەستی، تێئۆرییەکی بەتەواوەتی نوێیە و تەمەنی لەوانەیە دوو دەیە بێت. بەڵام کاتێک کە بیر و هزری قاسملوو لێی بکۆڵییەوە، دەردەکەوێت کە هزرەکانی قاسملوو لە بارەی ئازادیدا هەموو ئەو هۆکارانە لە خۆی دەگرێتەوە کە زانایان لەو دواییانەدا باسیان کردووە. قاسملوو چ لە پێوەندی لەگەڵ زۆرداریی نەتەوەییدا، چ لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی پێوەندیدار بە زوڵم و زۆرداریی چینایەتی یان زۆرداریی سیاسی و پرسی دێموکراسیدا ئەوەی کە وەک ئارگۆمێنت و هۆکار باسی کردوون، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە قاسملوو ئازادی لە نەمانی سەردەستیی ئەوانی تردا دەبینی. وەها ئازادییەکە کە کەرامەت و کەسایەتی دەدات بە مرۆڤەکان. بە کورتی، واتە بیر و ئەندێشەی قاسملوو هێشتا لەگەڵ ڕاستییەکانی ئەم سەردەمەدا ڕێک دەکەون. ئێمە نابێت وای لێ بکەین کە وەک کەسانی باوەڕداری ئۆلی، قاسملوو لە ڕەخنە بە دوور بزانین، بەڵام ئەو هزرانەی قاسملوو کە پێوەندییان لەگەڵ ئازادیدا هەیە، ئەگەر بە تاقیکارییەکی بێلایەنانەی ئەمڕۆییدا بخەینە بەرباس و ڕەخنەگرانە لێیان نزیک ببینەوە، دەردەکەوێت کە هەنووکەش تازەیییان هەیە. بێگومان هەر خوێندنەوەیەک لەسەر قاسملوو و حەتا چەند جار خوێندنەوەی بابەتێک لەسەر قاسملوو بە شێوەی هەرمەنیۆتیک، بیر و ڕا و تێگەیشتنی ئێمە بەرانبەر بە قاسملوو ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێنێت. ئەوەی کە لەو بەرهەمەدا هەیە و بەشێکی گرینگیشە، مانیفێستیکی ئازادیخوازانەیە کە لەسەر بنەمای هزرەکانی قاسملوو ئامادە کراوە. بە بڕوای من، ئەو بەشە یەکێک لە نوێترین بابەتەکانی هزری-تیۆریکە کە دەتوانین وەک کەرەستەیەکی یارمەتیدەر بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگەی ئازادیخوازانەی قاسملوو بەکاری بەرین. ئەوە یەکێک لەو دەگمەن وێژمانانەیە بە بڕوای من کە دوای سۆسیالیزمی دێموکراتیک، بەدەنەی حیزب  دەتوانێت باس و نقاشی لەسەر بکات و وەک بەڵگەیەک بۆ دەستنیشانکردنی ئاسۆی خەباتەکەمان کەڵکی لێ وەربگرن. بەڵام ئەم مانیفێستە شتێکی دوگم نییە و نموونەیەکە لە سەدان نموونەی دیکە کە دەتوانن دابڕێژرێن و لە تێهەڵكێشکردنی هەموویاندا مانیفێستێکی تەواوتر بەرهەم بهێندرێت کە ببێتە چرای ڕێگەی تێکۆشانمان بۆ ئازادی". بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هەر مژارێک و بەتایبەت مژارگەلێکی هاوشێوە، مێتۆد و شێوازگەلێکی جۆراوجۆری لێکۆلێنەوە هەیە و هەر لێکۆڵەرێکیش لە شیوازێکی تایبەت کەڵک وەردەگرن. بۆ ناساندنی زیاتری کتێبەکە، لە کۆتاییدا ئەو پریسارەمان لە بەڕێز "مونەزەمی" کردووە کە بۆ ئامادەکردنی ئەم پەرتووکە بەنرخە، لە چ شێواز یان مێتۆدێکی لێکۆڵینەوەیی کەڵک وەرگیراوە؟ بەڕێزیان لەم پێوەندییەشدا ڕایگەیاند: "لەم پەرتووکەدا لە شێوازی چۆنایەتیی (کڤالیتاتیڤ) بۆ کۆکردنەوە، شیکردنەوە و ئانالیزەکردنی داتا و زانیارییەکان کەڵک وەرگیراوە. لەم پەرتووکەدا زۆرتر لە مێتۆدی شیکردنەوەی دەقەکان کەڵک وەرگیراوە، تەنیا لە دوو جێگەدا ئاماژە بە ئاخافتن و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون لەسەر مژارێکی هەستیار کراوە. ئەوانی دیکە هەمووی شیکردنەوەی تێکست و بەڵگەکانە و زۆربەی بەڵگەکانیش بەڵگەی نووسراوەن و کەمتریان دەنگین".