کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە نییەری دێموکرات‌پەروەرە

15:43 - 2 خەرمانان 2722

لە گوندی "نییەر"ـی سەربە شاری سنە، بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لایەنگران و دڵسۆزان و ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی "نییەر"ـی سەربە شاری سنە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات پێشکەش بە کادر و پێشمەرگەکانی نێو ڕیزەکانی حیزب کرد و هیوایان خواست کە لەمەوبەدوا لە ژیر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شێلگیرانەتر لە جاران درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن و یەکبوون ببێتە ترس و دڵەڕاوکێ بۆ نەیارانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. لە نییەری شەهیدانەوە لە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان‌دا ڕایانگەیاند کە، لە مەوبەدوا سوورتر لە جاران لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەبات بۆ بە دەستهێنانی مافە ڕەواکانمان دەکەین و بۆ هەموو ئەرکێک کە پێمان بسپێردڕی بەو پەڕی شانازییەوە بەجێی دەگەیەنین و سپاسی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب دەکەین کە ئاواتی دڵسۆزانی حیزبیان بە دی هێنا و یەکگرتوویی نێو ماڵی حیزبی دێموکراتیان کردە گوڵێک و لە بەرۆکی دایکی شەهیدان و بەندکراوانی سیاسییان دا، هەروەها لە پەیامەکەیان‌دا مزگێنییان بڵاو کردووەتە کە کورد لە سایەی یەکبوونی حیزب بە هەموو ئاواتەکانیان دەگەن.