کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢٥ـی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ڕێوڕەسمێک لە دوورگەی "شیلەند" لە دانمارک بەڕێوە چوو

15:45 - 2 خەرمانان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ لە دوورگەی "شیلەند" لە دانمارک بەبۆنەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و جێژنی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لەلایەن کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەناوی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە شاری "ڕۆسکیلدە" لە دوورگەی شیلەندی وڵاتی دانمارک پێکھات کە سەدان کەس لە ئەندامان، لایەنگران، دۆستانی حیزبی دێموکرات، نوێنەری ھێز و لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ھەرچوارپارچەی کوردستان، کەسایەتی، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و دیاکورد و ڕەوندی کورد تێیدا بەشدار بوون. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەم بەرنامەیە خاتوو "شاناز کاکە ئازەر"،  "ئەحمەد ڕەحمانی" بە نوێنەرایەتی دەستەی ئامادەکاری جێژن و ھەروەھا بە نوێنەرایەتیی کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەخێھاتنی بەشدارانی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات کرا. ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و چەن ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. لە  بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە بەڕێزان کاک "ناسر پیرانی" و دوکتور "سەعید سووڵتانپوور" بە نوێنەرایەتیی کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم وڵاتە بەخێرھاتنی بەشدارانیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان وەک حیزبی دێموکرات دەربڕی. ھەر یەک لە بەڕێزان کاک "ناسر پیرانی" و دوکتور "سەعید سووڵتانپوور" ئاماژەیەکی کورتیان بە یادی ٢٥ی گەلاوێژ،  ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات کرد لە ھەمان کاتیشدا زەروورەتی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتیان ھێنایە بەرباس و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو یەکگرتنەوەیە چەندە کاریگەری ئەرێنیی ھەیە چ لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، گەل و نیشتمان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە گشتی و لە ھەر چوارپارچەی کوردستان. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی هاوبەشی کومیتەکانی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ۷۷ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کاک "حوسێن مەحموودی" بەرپرسی کومیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی هەر دوو کۆمیتەوە پێشکەش کرا.  لە پەیامەکەدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ئەو ڕۆژە مەزنە، یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات بە هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی وەسف کرابوو و هاوکات باس لەوەش کرابوو کە بەهۆی ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لەژێر زوڵم و زۆری ڕێژیمێکی خۆسەپێن و داخراو و تۆتالیتێردایە، ئەرک و مەسئوولییەتەکانی هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە زیاترە و ئەو خەباتە پێویستی بە هەوڵی بێوچانی هەموو لایەک هەیە. پەیامەکە هەروەها باس لە تەوەری سەرەکیی گوتار و کرداری حیزبی دێموکرات وەکوو ناسنامەی نەتەوەیی و کیانی کوردی لە شکڵی کۆماری بەشێوەی دێموکراتیک، ئاڵای کوردستان، هێزی پێشمەرگە و سپای میللیی کوردستان، شۆڕشی ٤٦ـ٤٧ـی هەتاوی و خەباتی چەکدارانەی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران وەکوو قۆناخێکی زێڕین باسی لێ کرا. پاشان هۆنراوەیەک لەژێر ناوی "بانگەوازێ بە تامی موژدە و بۆنی مزگێنی" لە نووسینی "عارف عەزیزی" لەلایەن "ئەحمەد ڕەحمانی" پێشکەش کرا. "بەرەو لووتکە" ناوی هۆنراوەیەکی "ڕەسووڵ سوڵتانی" بوو کە لەلایەن خاتوو "شاناز کاکە ئازەر" پێشکەش بە بەشداربووان کرا. لە بڕگەیەکی دیکەدا "بێستوون محەممەدزادە" و "ڕەشید قازی" بە ڕیز هۆنراوە و پەخشانێکیان بەو بۆنەوە خوێندەوە. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لێژنەی ناوچەی دانمارک، پەیامی ناوەندی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە دانمارک، پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پەیامی پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK دەستەی نوێنەرایەتی مەجلیسی دەرەوەی وڵات، پەیامی پارتی ئازادی کوردستان - PAK دانمارک، پەیامی پارتی ماف و ئازادییەکان/ ھاک- پار. پەیامی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە، پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات. پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان- کومیتەی دانمارک، پەیامی دیاکورد، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک،  پارتی دێموکراتی کوردستان- باکوور، ڕەوەندی کورد لە دانمارک، حیزبی شیووعیی کوردستان- ڕێکخراوی دانمارک. لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ڕێکخراوە حیزبییەکان خوێندرانەوە لەوانە: یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات، ‌یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان. بڕگەی دووەمی جێژنی پڕ لە شکۆی ٢٥ـی گەلاوێژ تایبەت بوو بە شایی و دیلان و گۆڤەندی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات کە لەم بەشەدا ھونەرمەندان "ئارمان ڕەزایی"، "پەیمان میلان" "عەتا عەزیزی" و "عەلی سابیر" جۆش و خرۆشێکی تایبەتیان بە جێژنەکە بەخشی. جێژنەکە تا درەنگانی شەو بە شادی و خۆشحاڵیی بەشداربووان درێژەی کێشا.