کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات

15:52 - 2 خەرمانان 2722

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا یەکگرتنەوەی هەردوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی پیرۆزبایی کردووە و ئەو هەنگاوەی بە بڕیارێکی بوێرانە و بەرپرسیارانە لە سەر ورەی خەڵک و برینترکردنی بازنەی هاوکاری لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان زانیوە. دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە: بە خۆشحاڵییەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات بڵاو کرایەوە. بەو بۆنەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی گەرم و هاوڕێیانەی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، کادر و هەموو پێشمەرگەکانیان دەکەین. بێگومان ئەو بڕیارە بوێرانە و بەرپرسیارانەیە کاریگەریی زۆری لەسەر ورەی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان و بەرفراوانترکردنی بازنەی هاوکاری لە نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێت. لە هەمان کاتدا، ئەوە دەسەلمێنێت کە قۆناغی ئێستا و ئەم سەردەمە، قۆناغی یەکگرتنەوە و یەکخستنەوە و هاوکاریی چڕوپڕتری نێوان حیزبە سیاسییەکانە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی ٢٣/٠٨/٢٠٢٢