کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات

23:09 - 2 خەرمانان 2722

حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حیزبی دێموکرات کردووە و ئەو هەنگاوەی بە هەنگاوێکی مێژوویی گرینگ زانیوە کە خواستی هەموو لایەک بوو. دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە: بەڕێز: هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بابەت : پیرۆزبایی سڵاوێكی گەرم.. بە خۆشحاڵییەوە ڕاگه‌یەندراوی هاوبه‌شی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموكراتمان پێ گەیشت، بەو بۆنەیەوە بەناوی هەموو هاوڕێیانمان بە گەرمی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەتان لێ دەکەین و ئەم هەنگاوە، بە هەنگاوێکی مێژوویی گرینگ دەزانین، کە خواستی هەموو لایەکمان بوو. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێگەیەکی مێژوویی و گرینگییەکی تایبەتی هەیە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، بۆیە ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بێ لە بەرەوپێشبردنی خەبات و تێکۆشان و بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکانی گەلەکەمان. لەو کاتەدا کە جیهان و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و لێکەوتەکانی ڕەوشەکە، بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر و زۆرتر پێویستی بە یەکیەتی و یەکڕیزیی کوردستانی هەیە. دووبارە ئەم هەنگاوە مێژووییە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆز بێت. مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢