کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی تەشکیلاتی نهێنی بانە و مەریوان بەبۆنەی جەژنی یەکڕیزی حیزبی دێموکرات

16:40 - 3 خەرمانان 2722

بەبۆنەی جەژنی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات، لایەنگران و ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی لە شاری بانە و مەریوان، پەیامی پیرۆزباییان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نارد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو لەلایەن ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ڕۆژی چوارشەممەی ٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لایەنگران و ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی شاری بانە و مەریوان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات، پەیامێکی پیرۆزباییان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نارد. دەقی پەیامەکە: بەپێی ئەزموونی ١٦ ساڵەی كارو چالاكیەكانی هەردوو باڵی دیموكرات، بوێری بڕیاردان بۆ یەكگرتنەوە، هەر لە كادر و ئەندامانی خاوەن ئیرادەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبە دەوەشێتەوە. ئێمە وەک ئەندامانی تەشكیلاتی نهێنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە شارەکانی بانە و مەریوان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەو بڕیارە مێژووییەی یەكگرتنەوە و نوێكردنەوەی حیزبی دیموكرات، خۆمان بە پاڵپشتیی تەواوی پڕۆسەی یەكگرتنەوە دەزانین و ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێ كردنی هەر ئەركێكی تەشكیلاتی لە ناوخۆدا دەردەبڕین و بەڵێن دەدەین تا دوایین ساتەکانی ژیانمان درێژە بە ڕێبازی پڕ لە سەروەری و پیرۆزی ڕێبەرانی شەهیدمان بدەین. بەم بۆنەوە پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان دەكەن. سەركەوێ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕێبەری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران .