کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "مێراو"ـی سنە پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە

16:28 - 3 خەرمانان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "مێراو" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزباییان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە. لە پەیامی ئەندامانی حیزبدا هاتووە، بە خۆشحاڵییەوە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتمان پێ گەیشت، بەو بۆنەیەوە بە ناوی هاوڕێ و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "مێراو" بە گەرمی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەتان لێ دەکەین و ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی مێژوویی گرینگ دەزانین کە ویستی هەموو لایەکمان بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێگەیەکی مێژوویی و گرینگییەکی تایبەتی هەیە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بۆیە هیوادارین ئەم هەنگاوە دەسپێکی قۆناخێکی نوێ بێ لە بەرەوپێشبردنی خەبات و تێکۆشان و بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکانی گەلەکەمان بۆ ڕزگاریی گەلی کوردستان. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکیەتی و یەکڕیزیی کوردستانی هەیە. هەر لەو پەیوەندییەدا سوێند دەخۆین و بەڵێن دەدەین کە هەموو هەوڵی خۆمان لەپێناو ئەو هەنگاوە مێژووییەدا بخەینە گەڕ. جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە مێژووییە لە هەموو لایەک دەکەین.