کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی عێراق هەڕەشەی لە کڕیارانی "نەوتـ"ـی هەرێمی کوردستان کردووە

16:08 - 4 خەرمانان 2722

وەزارەتی "نەوتـ"ـی عێراق هەڕەشەی لە کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە کە لە بەردەوامیی کڕینی نەوتی هەرێم بەشێوەی یاسایی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. دادگای باڵای فێدراڵی عێراق پێشتر لە مانگی فێورییەدا ڕێساکانی تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی عێراق زانیبوو. وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوە کە ڕێگری لە تەواوی ئەو کڕیارانە دەکات کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن و ڕایگەیاندووە کە هاویشتنی هەر هەنگاوێک لەوبارەوە بۆخۆی بە ڕەوا دەزانێت. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار بڕیاری دادگای فێدراڵی عێراقیان ڕەت کردووەتەوە. ئەو بڕیارە هاوشێوەی بڕیاری وەزارەتی "نەوتـ"ـی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ ـەیە، کاتێک کە ڕێگری لە خاڵیکردنی کەشتییەکانی هەڵگری "نەوتـ"ـی هەرێمی کوردستان لە قەراخ ئاوەکانی وڵاتانی دەرەوە کرا. تا ئێستا حکوومەتی عێراق چەندین شیرکەتی چالاک لە بواری دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کردووە و تا ئێستا سیاسەتێکی تایبەتی لە چوارچێوەی لیستێکی ڕەشدا سەبارەت بە چوونەدەرەوەی هەندێک لەو شیرکەتانەی لە هەرێمی کوردستان هێناوەتە گۆڕێ.