کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی گوندی "کانی ڕەش" لە ناوچەی بۆکان پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە

17:38 - 4 خەرمانان 2722

لاوانی گوندی "کانی ڕەش" لە ناوچەی بۆکان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزباییان ڕوو لە گەلی کوردستان و حیزبی دێموکرات بڵاو کردەوە. لە پەیامی ئەو لاوانە هاتووە: بە نێوی ئازادی "یەکڕیزی و یەکگرتوویی ڕەمزی سەرکەوتنمانە" چەندین ساڵ بوو لێکترازانی حیزبی خۆشەویستمان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ببووە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان و هەموو ڕۆژێک ئاواتمان دەخواست کە ئەو یەک ڕێباز و دوو فکرە ببنەوە یەک و یەک بگرنەوە . بە خۆشییەوە لە مانگی پیرۆزی گەلاوێژی ئەمساڵدا، هەواڵی یەکگرتنەوە وەکوو مۆمێک لەنێو دڵی تاریکی و شەوەزەنگی نیشتماندا داگیرسا و ڕووناکیی خستە نێو ماڵی کورد و هیوای بووژانەوە سەری هەڵدا . ئێمەش وەکوو لاوانی گوندی "کانی ڕەشـ"ـی سەر بە شاری بۆکان واتە گوندی شەهیدان "ئەبوو کانی ڕەشی" و "ساڵە شەریفی" بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات و فڕین بەرەو کەشکەڵانی ئاسمانی نیشتمان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی حیزب، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین . هیوادارین ئەو یەکگرتنەوەیە ببێتە هەوێنی ئاشتی و بەهێزبوون بەرەو خەباتێکی چڕوپڕ لەنێو قووڵایی خاکی کوردستان . دڵنیاین ئەو هەنگاوە، هەنگاوێکی پیرۆزە بەرەو لووتکەی سەرکەوتن. لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هەموو ڕۆڵە ئازا و خۆنەویستەکانی گەل.