کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی سکاڵا بەدژی ئیبراهیم ڕەئیسی لە دادگای ئەمریکا

15:00 - 5 خەرمانان 2722

گرووپێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سکالایەکیان بەدژی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، سەبارەت بە دەور و نەخشی ناوبراو لە ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی، لەلای بەرپرسانی قەزایی ئەمریکا تۆمار کردووە. شۆرای میللی بەرگریی ئێران کە سەر بە ڕێکخراوی "موجاهێدینی خەڵق"ە ڕاستەوخۆ ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی سکاڵایەکیان بەدژی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشکەش بە دادگووستەری ئەمریکا کردووە و لەو سکاڵانامەیەدا ڕەئیسییان بە ئەشکەنجە وکوشتنی هەزاران بەندکراوی سیاسیی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە ئێران وجینایەت بەدژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کردووە. هەرلەم پێوەندییەدا ئێستیڤێن شێنیبام، پارێزەری ئەو کەسانە کە سکاڵاکەیان بەدژی ڕەئیسی تۆمار کردووە، ڕۆژی هەینی بە هەواڵدەریی "فاکس نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو جێگری ئەوکاتی دادستانی گشتیی ئێران لە پارێزگای تاران، یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بووە و تەنانەت ڕەئیسی بەشداربوونی خۆی لەو هەیئەتەدا ڕەت نەکردۆتەوە وهەروەها ڕایگەیاندووە کە، بەشداریی من لە ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە ڕاستای بەرگریی و پاراستنی مافی مرۆڤ بووە. جێگەی ئاماژەیە کە لەماوەی ڕابردوودا کۆمەڵیک لە یاسادانەرانی ئەمریکایی داوایان لە جەوبایدن کردووە کە ، ئیزن بە هەیئەتی دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێران، کە ئیبراهیم ڕەئیسی بەرپرسایەتیی هەیئەتەکە دەکا بۆ بەشداری لە دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە دیپلۆماتەکانی ئێران نوێنەری ڕێژیمێکی تێرۆریستن و نابێ دەوڵەتی ئەمریکا ئیزن بدا ئەو تێرۆریستانە بێنە نێو خاکی ئەمریکاوە و لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بن.