کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ

15:34 - 5 خەرمانان 2722

عەزیز مەحیەدینی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک عەزیز مەحیەدینی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆ نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد وبۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت. کاک عەزیز مەحیەدینی خەڵکی شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکا و لە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سازمان دەدرێت. کاک عەزیزلە باشووری کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵان دەکەوێتە بەندیخانەی حیزبی بەعسی عێراق و پاش ئازاد بوونەکەی دەگەرێتەوە بۆ زێدەکەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوجار لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ماوەی شەش ساڵی دیکە زیندانی دەکرێت کە سێ ساڵان لە زیندانی ئیڤین و زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە زیندانی ورمێ بەند کراوە و پاش ئازاد بوونی بەهۆی چاودێریی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ، ناچار دەبێ زێدەکەی بەرەو هەندەران بەجێ بێڵی و لە کۆتایی نەوەدەکاندا لە وڵاتی نۆڕوێژ دەگیرسێتەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وێرای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک" عەزیز مەحیەدینی" خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هیوا خوازی دوا ناخۆشی بنەماڵەی بەڕێزیان بێ.