کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی سۆعدا خەدیرزادە بۆ شوینێکی نادیار

16:02 - 5 خەرمانان 2722

سۆعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشارلە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی "ورمێ"وە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. بەپیی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ، لە حاڵێکدا "سوعدا خەدیرزادەیان" لە بەندی ژنانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە کە منداڵەکەی لای بەندکراوانی دیکە بەجێ ماوە. سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، خۆی هەڵواسی و کۆرپە دوو مانگانەکەشی دەرمان خوارد کردبوو، چاوی چەپی ئازاری جددی پێگەیەوە و هەتا ئێستاش نەگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە. سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاراستنی زانیاری بەندیخانەی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە چەندین کاتژمێر لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بووە و ویستوویانە ڕێگەی پەیوەندی سوعدا لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە و چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی لەسەر خۆی منداڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە بزانن. ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دەزگای دادی ورمێ، داریوش بەخشی بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ و کەسێک بە نازناوی «بابەکی» کادری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ناو ئەو گرووپەدا بوون کە سەعدا خەدیرزادەیان ناچار بە دانپێدانان لەپێش کامێرا کردووە. لە ئاکامدا لێکۆڵەرەکان ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشار کە دەبێ لە پێش کامێرا قسە بکا و ناچاریان کردووە کە لەپێش کامێرا بڵێت «بارودۆخی ژنانی لە بەندیخانەی ورمێ زۆر باشە و هەموو ئیمکاناتێک هەیە و خزمەتگوزاری بۆ خۆی و کۆرپەکەی بەردەستە و هەموو هەواڵەکان کە لەو بارەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاو بووەتەوە درۆیە و دوورە لە ڕاستی». سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون و دوای منداڵبوونیش بێبەش کراوە.