کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاعیران و قەڵەمبەدەستان و نووسەران لە سەردەشت یەکگرتنەوەیان پیرۆز کرد

19:15 - 5 خەرمانان 2722

شاعیران و قەڵەمبەدەستان و نووسەران لە شاری "سەردەشت" بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە: بە ناوی بەرزەناوی بێهاوتا و پاشای هەموو پاشایان و خولقێنەری هەموو جیهان و جیهانییان و هەموو مەخلوق و مەخلووقاتی زەوی، بەگشتی مرۆڤایەتی و ئازادیی مرۆڤایەتی بەتایبەتی بە نوێنەرایەتی لەلایەن شاعیران و قەڵەمبەدەستان و نووسەرانی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ناتوانم وەک هیچ ڕووی نەدابێ و لە گوێچکەی گادا خەوتبم لە هیچ نەدوێم و دڵخۆشی خۆم و هەموو هاوکارانی ناوبراوم بەگوێی ڕۆڵە بەئەمەگەکانی نیشتمان لە باشوور و هەروەها گەلە چەوساوە و بندەستەکەی ژێرچەپۆکی کۆماری سێدارە نەگەیێنم و بێدەنگ دانیشم ئەو دڵخۆشیە پڕ لە هیوایە نەدرکێنم. بەڵێ منیش وەکوو یەکێک لەو دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرانەم کە دڵی دێوانەم چاوەڕوانی ڕۆژێکی ئاوای دەکرد و بەخۆشییەوە ئاواتەکەم هاتە دی و نەمتوانی مات دابنیشم و هەستی دڵە پڕ لە خۆشییەکەم نەکەمە دیاری بۆ هەموو هاوزێدەکانم لەودیو و ئەودیوی وڵاتە لەت کراوەکەم. وێڕای سڵاو سڵاو لە شار و لە شاخ هەواڵێکی سەرنجڕاکێش لەوپەڕی ساردوسڕی و بێهیواییدا دڵە خەمبارەکەی ڕاچەڵەکاندم و وەبیری هێنامەوە کە ئەوە یادگارەکەی کۆمارە ساوا و دەستکردەکەی پێشەوا قازی و مەکتەبەکەی دوکتور قاسملوو و هەروەها بە ناز پەروەردەکراوەکەی باوەشی گەرمی دوکتور سادقی شەرەفکەندی لە مانگی پیرۆزی لەدایکبوونیدا جێژنی یەکبوون و یەکڕیزی و هاتنەوە سەر یەک سفرەی بنەماڵە و یەک بیر و بڕوای ئازادییە و هەموو دوژمنانی نیشتیمان شینی نەمان دەگێڕن و ئەوان شینی شادی و برایەتی جارانیان. هەر وەک لە هۆنراوەیەکدا کە ڕەوانەی لای نوێنەرە دڵسۆزەکانی نیشتمانم کرد باس کراوە کە ئەو جێژوان و چڵپەی ماچە لەوێ بێت و من بەشداری نەبم کەوایە تاکێک نیم لەو گەلە و خۆشم بە دڵسۆزی نەزانم. کەوایە بەڕێزان ئەندامان و کادر و پێشمەرگە و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات بەگشتی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان، دایک و باوکی بەڕێزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی، هەر هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ، جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ڕۆژی لەدایکبوونی حیزبی دێموکرات و جێژنی سەرکەوتنی ئاواتی شازدەساڵەی یەکگرتنەوەتان لێ پیرۆز بێت. هەروەها با دڵنیاتان بکەمەوە هیچ شاعیرێک و هیچ نووسەرێک ناتوانێ لە ڕۆژێکی ئاوا پیرۆزدا دڵی پڕ لە ژان و نووکی پێنووسەکەی هانی نەدات لاچاوی سپی و جوانی دەزگیرانی هەمیشەیی خۆی لێنووس، ماچ نەکات و ئەو چێشتە پڕ لە چێژە تام نەکات و هەستی دەروونەکەی بۆ نەڵێتەوە. با دڵنیاتان بکەمەوە نیشتیمان دەتوانێ بە دوو لایەن بەتایبەتی بڵێ پێشمەرگە، ئەو دوو لایەنەش تاکی پێشمەرگە و شاعیرانی قەڵەم بەدەستن کە پێنووسەکەی زۆر لە چەک بەگوڕتر جەرگی دژمنانی گەل لەت دەکات. لەو مانگەدا شەو نەبوو فرمێسکی خۆشیم لاچاوی لێنووسم تەڕ نەکات هۆنراوەیێکم چەند جار پێ نەنووسێتەوە. ئەوە دڵی سووتاوی شاعیران و نووسەرانە بۆتە شەبەقی شەو و هاندەری هەموو ئاشقان و ئەویندارانی نیشتیمان. هەڵبەت با بزانن هیچ منەتی نییە و ئەرکێکی دینی و نیشتیمانپەروەرانە و هەروەها هاووڵاتییانەیە. دووبارە پیرۆزبایی من و هەموو هاوڕێکانم لە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و دانە بە دانەی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم. براتان دڵسۆزی هەمیشەیی نیشتیمان لە سەردەشت