کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری نۆدشە بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات

19:22 - 5 خەرمانان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری نۆدشە بەبۆنەی یەکگرتنەوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە: ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سڵاوێکی گەرم و شۆڕشگێڕانە ئێمە وەک ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە خۆشەویستە لە شاری"نۆدشە"ی سەر بە هەورامان، پڕبەدڵ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەموو ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکان و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆزبایی دەڵێین و هیوادارین بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، گڕ و تینێکی تازە لەپێناو خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ بکات. بێگۆمان یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات هیوا و وزەیەکی نوێ لەنێو خەڵکی مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک دەهێنێ و ورە و وزەی تێکۆشەرانی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات چەند بەرابەر دەکاتەوە. لە کۆتاییدا بەڵێن و وەفا بۆ خەبات لە پێناوی خۆێنی شەهیدان و ئامانجە بەرزەکانی حیزبە خۆشەویستەکەمان دووپات دەکەینەوە و بە دڵ و بە گیان ئامادەیی خۆمان بۆ هەرچەشنە ئەرکێکی حیزبی دەردەبڕین. سڵاولە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەندامان و لایەنگەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شاری نۆدشە ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی