کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات خوێنێکی تازەی بە دەمارەکانی ڕۆڵەکانی گەل بەخشیوە

19:24 - 5 خەرمانان 2722

ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، گڕوتینێکی دیکەیان بە خۆیان گرتووە و بە بەڕێوەبردنی چالاکی بە شێوازی جۆراجۆر دڵگەرمی و خۆشحاڵیی خۆیان لەمەڕ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان پێشان دەدەن. پێشمەرگەکانی شار لە ئاوایی ''ڕەحیم خان'' سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان وێڕای پیرۆزباییکردنی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات، سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کردووە و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردووەتەوە کە هەتا دواهەناسەی ژین وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان بن. هەر بەو بۆنەوە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاوایی ''سەرچنار'' سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخان، ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بو پەیمان نوێکردنەوە و یەکڕیزیی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات سەردانی گڵکوی شەهیدانی حیزبی دێموکراتیان لە گۆڕستانی کلکەی سوجیان کردووە و وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان، بەهێزتر لە جاران ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕیوە. لە مەهاباد، پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی مەحاڵ لە گوندەکانی ''حاجی عەلی کەند و سەهۆڵان'' بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بڕیاری مێژوویی یەكگرتنەوە و نوێكردنەوەی حیزبی دێموكرات، خۆیان بە پاڵپشتی تەواوی پرۆسەی یەكگرتنەوە زانیوە و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی هەر ئەركێكی تەشكیلاتی لە نێوخۆدا دەردەبڕیوە و هەروەها بە سەردانی گلكۆی شەهیدان پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە. هەروەها بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە بانە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و یووبیلی حیزبی دێموکرات و هەڵواسینی پارچە نووسراوە یەکگرتنەوەی حیزبیان پیرۆز نرخاندووە و هەروەها بە گرتنی ڕێوڕەسم سەلماندیانەوە کە دێموکراتی یەکگرتوو لە دڵی هەموو خەڵکدایە. پێشمەرگەکانی شار لە سەقز لە دوو تیمی جیاوازدا بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی ئارمی حیزب، ئاڵای کوردستان، تراکت و پووستێر و نوقڵ و شیرینی چالاکی تەبلیغییان بە ڕۆژی ڕووناک بەڕێوە برد و ڕایانگەیاند کە تا دوادڵۆپی خوێن وەفادار بە ڕێبازی دێموکراتین. ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا کراوە بریتین لە: پارکی شار، پارکی کەوسەر، پارکی لاله، شەقام و گەڕەکەکانی بەردبڕان، حەماڵاوای خوارەوە، حەماڵاوای سەرەوە، ساحلی، شاناز، به‌رانبه‌ر مۆڵگەی کەڵانتەری ١٣، شەقام و گەڕەکەکانی ساڵحاوا، کەریم ئاوا، شەهرەکی جەهاد، حەماڵاوا، ئوستاد شیرازی، ڕوودەکی، حافز و کوشتارگای قەدیم. هەر بەو بۆنەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی ڕوار سەر بە ناوچەی سەوڵاوا بە کێشانەوەی ئاڵای کوردستان و هەڵکردنی لۆگۆی حیزبی دێموکرات شکۆی حیزبی دێموکراتیان نیشان داوە. لە شاری کامێران، بنەماڵە شەهیدەکانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و تەشکیلاتی نهێنی لەو شارە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان لە هەموو کادر و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی کرد و لەگەڵ ڕیبازی شەهیدان پەیمانی وفادارییان نوێ کردەوە. لە شاری ڕاونسەر ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی حیزب و گەل کرد. هەروەها لە پیرانشار لە سەیرانگای پردانان، تێکۆشەرانی دێموکرات بە کێشانەوەی ئاڵایەکی کوردستان دڵی خەڵکیان شاد کرد و خۆشەیستیی حیزبی دێموکراتیان نیشان داوە.