کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی دوکتور ئالان فتووحی بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات

16:49 - 6 خەرمانان 2722

وکتور "ئالان فتووحی" بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە: تێکەڵبوونەوەی دوو لایەنی دێموکراتەکان ڕووداوێکی گرینگ دە مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە. ئەم یەکگرتنەوەیە بووەتە مایەی گەشانەوەی هیوای کوردستانییانی ڕۆژهەڵات بە دواڕۆژ و وزەیەکی نوێی بەخشیوە بە جووڵانەوەی مافخوازانەی کورد لەم بەشەی نیشتمانی داگیرکراومان. لانیکەمی دەسکەوتی ئەو تێکەڵبوونەوەیە پێکهێنانی فەزایەکی ئەرێنیی هاندەر بۆ یەکیەتی و هاوکاریی زیاتر، ورەبەخشینێکی زۆر کاریگەر بە تاکی کورد لە ڕۆژهەڵات و قورسترکردنی سەنگی کورد دە معادڵە سیاسیەکاندایە. ئەم ڕووداوە دەشێ ڕەوتێکی بەردەوام بێ و زۆر بە باشی هانی کۆمەڵەکانیش بدا بۆ پەلەکردنیان لە تێکەڵبوونەوە. هەروەها ئەگەر بە درووستی بقۆزرێتەوە، ئەم ڕووداوە ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەنگاونانی کارامەتر و خێراتر بەرەو هاوکاریی زیاتری سیاسی و لۆجستیکی و نیزامیی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی ناوەندی هاوکاری و تەنانەت نزیکتربوونەوە لە پێکهێنانی ئیئتلافێک یا تەنانەت دە باشترین حاڵەتدا بەرەیەکی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات. هەروەها دەکرێ لەو دەرفەتە زێڕینە کەڵکی باش وەرگیرێ بۆ پەرەپێدان بە هاوکاریی زیاتر و نزیکتر دەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی جوگرافیای سیاسیی بەناو ئێران، بۆ وێنە بە بووژاندنەوەی ڕێکخراوەی کۆنگرەی نەتەوەکان، کە دەرەنجامەکەی بەهێزکردنی بەرەی نەتەوە غەیری فارسەکانە لە بەرامبەر پاوانخوازانی نەتەوەی سەردەست. بەهێزبوونی هاوکاری ئەو نەتەوانە و بەرزبوونەوەی دەنگیان وەک ئاڵتڕناتیڤێکی جیددی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات دەتوانێ بەرپەرچی بەرنامەکانی نەتەوەی فارس بداتەوە کە هەردەم خەونی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تۆتالیتێری دیکە و داسەپاندنەوەی چەندجارەی هێژموونیی خۆیان بە سەر نەتەوەکانی دیکە دەبینن، دە ئەگەری گۆڕانی دەسەڵاتی مەزهەبیی ئێستای تاراندا. هیوادارم ئەم ڕووداوە مێژووییە ببێتە هۆی بەڕۆژکردنەوە و پێشخستن و کرانەوەی زیاتری حیزبی دێموکرات لە هەموو بوارەکانی تێئۆری، هزری، تەشکیلاتی و شێوازی چالاکییەوە، بە جۆرێ کە باشتر لەوەی هەیە وەڵامدەری ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆیی بێ کە لە باری فکری و تێگەیشتوویی سیاسی و نیشتمانپەروەرییەوە لە هەموو کات وریاتر و گەشەسەندووتر و چاو و گوێکراوەترە. هەروەها هیوادارم ئەم جەوەی تەبایی و هاوکارییەی رێگە خۆش کا بۆ کرانەوەی زیاتری حیزبی دێموکرات بە ڕووی هێزی تازەنەفەس و جیلی گەنجدا بۆ ئەوەی تین و گوڕی هێزی نوێ و تازەنەفەس دە جەستەی ئەم حیزبە گەورە و جێی هیوایە بگەڕێ و دە ئاکامدا وزەیەکی نوێ ببەخشرێ بە خەباتی مافخوازانەی ئەم ڕێکخراوە خۆشەویستەی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو و چەوساوەمان. دیارە نابێ ئەم ڕاستیە لە بیر کەین کە دابڕانەکان زەربەی زۆر گرچووبڕیان لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان داوە و بە هیچ شێوە نابێ ڕێگە بدرێ هەستی خۆشیی ئەم تێکەڵبوونەوە و یەکیەتییە و غرووری سەرکەوتن، کەمتەرخەمی بە دووی خۆیدا بێنێ و گرینگیی خەسارناسیی لێکدابڕان لە یادەکان بباتەوە. زۆر حەیاتییە بە لێکدانەوەی ورد و دڵاوەڵانە هۆکارەکانی ئینشعاب دیاری بکرێ و بەوپەڕی نییەتپاکی و تەوازوع و لەخۆبردوویی و نیشتمانپەروەرییەوە مێکانیسمی گونجاو بۆ ڕێگری لە دووپاتەبوونەوەی خەساری لەم چەشنە بگیرێتە بەر. بە هیوای یەکڕیزی و یەکیەتیی زیاتر لەپێناو دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی بۆ گەلی کورد لەسەر خاکی پیرۆزی کورستان، کە بە دڵنیاییەوە تا ئەو سەروەرییە مسۆگەر نەبێ کورد مەترسیی نەمان و ئاسێمیلەبوون و توانەوەی هەر لە سەرە و نابێ بە هیچ کەچە دەستکەوتێکی بچووکتر هەست بە ڕزگاری و کۆتاییهاتنی قۆناغی خەبات بۆ سەربەستی بکا. بەبۆنەی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی سەربەرزی دێموکرات پڕبەدڵ پیرۆزبایی لە هەموو کوردێکی ئازادیخواز دەکەم. بژی کورد، سەربەست و ئاوەدان بێ کوردستان