کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سۆید بەڕێوە چوو

17:54 - 7 خەرمانان 2722

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی "یۆتۆبۆری" بە هەوڵی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی هونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" و بە بەڕێوەبردنی شانۆی "مەرگی ئاو" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سۆید بەڕێوە چوو. ئەو فێستیڤاڵە بە هەوڵی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە دروشمی "نەهێشتنی توندوتیژی نێو بنەماڵە" و بە بەڕێوەبردنی شانۆی "مەرگی ئاو" لە نووسینی "یەڵدا حوسێن" و لە دەرهێنانی "بەکر ڕەشید" بەڕێوە چووە. ئەو شانۆیە لە چوار سانسدا لە ڕۆژەکانی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و لە ڕۆژەکانی ١٩ و ٢٠ی ئاگۆستی ئەمساڵدا لە ساڵۆنی ئامفی تەئاتری "دراماتیک گوتبۆرگ" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سۆید بەڕێوە چووە و لەلایەن خوازیارانی ئەو بوارەوە پێشوازیی گەرمی لێکراوە. شانۆی "مەرگی ئاو" بەپێی چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەرهێندراوە کە لە شانۆکەدا "ماریا سامی" بە دەستی بنەماڵەکەی دەکوژرێت. ئەنجومەنی نێونەتەوەیی هونەرەجوانەکانی "یۆتۆبۆری" لە ئێستادا خەریکی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی یۆتۆبۆرییە کە لە ڕۆژەکانی ٥ و ٦ـی سەرماوەزی ئەمساڵدا لە ساڵۆنی "فالکت هیوس" لە ناوچەی "هامرکۆلن" لە شاری یۆتۆبۆری بەڕێوە دەچێت.