کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزب خەڵکی سەردەشت بە تەقەی هێزە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەست دا

17:59 - 7 خەرمانان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، "عوسمان محەممەدپوور" ناسراو بە "ئاراس محەممەدپوور" کوڕی "مریەم و ساڵح" و خەڵکی گوندی "گروێس" سەر بە ناوچەی ئالانی شاری "سەردەشت"، دوای پێنج شەو و ڕۆژ، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری "سنە" بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. کاک "ئاراس" حەوتووی ڕابردوو لە سنووری شاری "بانە" و لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن جەلادە خوێنڕێژەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بە خوێنی کورد تینوون پێکرا و پاشان ڕاگواسترایە نەخۆشخانەی "سنە" و بەداخەوە ڕۆژی یەکشەممە گیانی بەخت کرد. کاک "ئاراس" ساڵی ١٣٩٩ پەیوەندی بە حیزبەوە دەگرێت و چەندین جار سەردانی بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە شاخ کردووە و لەسەر داوای حیزب بەردەوام بە هانای ئەو کەسانەوە دەچوو کە بەهۆی هەژاریی و نەدارییەوە دەیانناڵاند. "ئاراس محەممەدپوور" کوڕێکی قسەخۆش و نەتەوەیی بووە و بە سەرکەوتنەکانی حیزب یەک لەوان یەکگرتنەوەی دوو دێموکراتەکان شاگەشکە دەبوو و هەر زوو بەو بۆنانەوە پەیوەندیی بە حیزبەوە دەکرد و پیرۆزبایی دەکرد. ناوبراو لە ڕاپەڕاندنی هەر ئەرکێک کە لەلایەن حیزبەوە پێی دەسپێردەا کۆتایی نەدەکرد و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ڕایدەپەڕاندن. کاک "ئاراس" لە چەندین کاروچالاکی کە لە شارەکانی "سەردەشت و مەهاباد" بەڕێوە چوون بەشداری چالاکانە و بوێرانەی هەبووە. ناوبراو تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی کوڕ و کچێکە. تەرمی ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە لە "سنە"وە بەروە "سەردەشت" گەرێندرایەوە و لەنێو بەشداریی و ئاپۆڕای گەرمی خەڵکی شارەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.