کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجی ئامریکا ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانه

12:36 - 27 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هەواڵدەرییەکانی ڕووسیە ئاشکرایان کردووە، کە دامەزرانی گرووپی کاریی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانە.

کاناڵی هەواڵی "ڕاشا توودەی"، لە ڕاپۆرتێکی شرۆڤەییدا باسی لەوە کردووە، کە دامەزرانی گرووپی کاریی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە گەڵاڵەیەکە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەڵام لە کاتی ئێستادا ڕێژیمی ئێران، بەپێچەوانەی ویستی ئامریکا خۆی لە بەرانبەر گوشارەکاندا ڕاگرتووە.

"ئیگۆر پانکراتێنکۆ" شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لەوە کردووە: "بە ڕوونی دیارە گرووپی کاریی ئێران، درێژەی ستراتیژیی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دژبەرانی ئەو ڕێژیمەیە".

لەو پێوەندییەدا "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لە بارەی دامەزرانی ئەو گرووپە باسی لەوە کردووە، کە ئامانج لە دامەزرانی ئەو گرووپە بەرەنگاربوونە بە دژی چالاکییە دوژمنکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانیی لە خەڵکی ئێرانە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، برایان هووکی، وەکوو بەرپرسی ئەو گرووپە داناوە، کە بەرپرسی پلانداڕێژی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکایە و چاوەدێریی بە سەر بەڕێوەچوونی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران دەکات.

ئامریکا ناوەبەناوە بەرنامەکانی خۆی بە دژی سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانی پاش هاتنە سەرکاری دانڵد ترامپ بەرەو پێش دەبات؛ لە یەکەم کردەوەشدا ئەو وڵاتە لە بەرجام کشایەوە، پاشان گەمارۆوەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و ئێستەش گرووپی کاریی پێک هێناوە، کە دەرخەری سووربوونی ئامریکا و وڵاتانی جیهان بە دژی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێرانە.