کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە

11:51 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ کۆنەئەرتەشی و سەربازە خانەنشینکراوەکانی ئامریکایی، ئامادەبوونی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.

دانڵد ترامپ، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، جارێکی دیکە ڕێککەوتننامەی بەرجامی بە کارەساتبار ناو بردووە و بە مەبەستی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ڕێژیمی تاران، ئامادەییی خۆی دەربڕیوە.

ناوبراو لە مەراسمێکدا لە کانزاس سیتی، کە بە شێوەی راستەوخۆ لە میدیاکانی ئامریکادا بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاندووە: "ئێران وەکوو پێشوو نەماوە و پاش کشانەوەی ئێمە لە بەرجام زۆر گۆڕاوە".

بە وتەی ترامپ کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، بووەتە هۆی بەخۆداچوونەوەی ڕێژیمی ئێران، ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئێستا وڵاتەکەی ئامادەی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، نەک وەک ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ دەوڵەتی پێشوو هەیبوو.

سەرۆکی ئامریکا ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە فەرمی، کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتننامەی بەرجامی ڕاگەیاند و بڕیاری سەرلەنوێ وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی واژۆ کرد.

مایک پێمپێئۆ، ٣١ی بانەمەڕ، لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێوشوێن و سیاسەتی نوێی ئامریکا باسی لەوە کردبوو، کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی خۆی پێک بێنێت، ئامریکا ئامادەی وتووێژ و ڕێککەوتنێکی نوێ و هەمەلایەنەیە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە.