کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هۆشداری بە ئورووپا دا

12:44 - 12 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و کاریگەریی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمه، دیسانەوە هۆشداریان بە یەکیەتیی ئورووپا داوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە "واشنگتۆن فری بیکەن" یەکێک لە بڵاوکراوەکانی نزیک بە کۆنگرەی ئامریکا، بڵاوی کردووەتەوە، کۆنگرەی ئامریکا هۆشداری بە وڵاتانی ئورووپایی داوە، مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، چەندین بەرپرسی پلەبەرزی ئامریکا هۆشداریان بە سەرجەم کۆمپانیا ئورووپایییەکان داوە، کە یا سەرجەم پێوەندی و مامەڵە بازرگانییەکانتان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ بێنن یا لەگەڵ گەمارۆی سەخت و توندی ئامریکا بەروڕوو دەبنەوە.

پێشتریش سێناتور "لیندزی گراهام"، یەکێک لە ئەندامانی پلەبەرزی سێنا و کاندیدای پۆستی سەرکۆماریی ئامریکا، ڕوو لە یەکیەتیی ئورووپا باسی لەوە کرد، کە ئورووپایییەکان پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران بکەن، نە ئەوەی کە لە تەنیشت ئاخوندەکان بن.

ئامریکا بە مەبەستی کاریگەریی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کرد، کە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنن، بەڵام یەکیەتیی ئورووپا داوای لە ئامریکا کرد چاوپۆشی لە هەندێک له سزا ئابوورییەکان بکات.

ئەگەرچی وڵاتانی ئورووپایی، داوای چاوپۆشیکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان لە ئامریکا دەکەن، بەڵام چەندین سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە نامەیەکەدا هۆشداریان بە باڵوێزانی وڵاتە ئورووپایییەکان دا، کە هەوڵی لاوازکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران نەدەن.

بڕیارە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، یەکەم خولی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، سەرلەنوێ پەسەند بکرێتەوە و مانگی خەزەڵوەریش هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سفر بگات.