کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئورووپا خۆ ساغ کاتەوە

12:52 - 8 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا ڕوو لە یەکیەتیی ئورووپا بە نیسبەت هاوکاریی کۆمەڵگای جیهانی بۆ گوشار خستنەسەر ڕێژیمی ئێران، هۆشداری دا.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، سێناتور "لیندزی گراهام" یەکێک لە ئەندامانی پلەبەرزی سێنا و کاندیدای پۆستی سەرکۆماریی ئامریکا، ڕوو لە یەکیەتیی ئورووپا باسی لەوە کرد کە ئورووپاییەکان پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران بکەن نە ئەوەی کە لە تەنیشت ئاخوندەکان بن.

ئەو سێناتۆرەی ئامریکا لە قسەکانیدا گوتوویەتی، گۆڕان لە ئێراندا بەڕێوەیە. دەوڵەتی ترامپ لە هەوڵدایە هاوپەیمانەتییەکی سیاسی و ئەمنییەتی دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێک بێنێت.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا هەروەها گوتوویەتی، ئاخوندەکان بە دوای چەکی ناوکین، ئەوان لە هەوڵدان کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شەڕدا تێوەبگلێنن و ناسەقامگیری دروست بکەن.

لە دوای بڕیاری ئامریکا لە سەر بەرجام و کشانەوەی تەک لایەنانەی ئەو دەوڵەتە لە ڕێککەوتنی بەرجام، گەمارۆی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرا.

ئامریکا بە مەبەستی کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کرد کە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنن. بەڵام یەکیەتیی ئورووپا داوای لە ئامریکا کرد چاوپۆشی لە هەندێک له سزا ئابوورییەکان بکات.

لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ، "ئەنوەر قرقاش" وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە سەفەری خۆیدا بۆ بریتانیا لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردبوو کە وڵاتەکەی ئامادەیی ئەوەی هەیە بەرپرسیارەتیی ئەمنییەتی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەئەستۆ بگرێت، چونکە ئەو وڵاتە نایهەوێ تەنیا پشت بە ئۆپراسیۆنی بریتانیا و ئامریکا لە ناوچەکەدا ببەستێت.

ئەنوەر قرقاش، بە نیسبەت ڕوانگەی جیاوازی ئورووپا دژ بە ڕێژیمی ئێران ڕوانگەی خۆی دەربڕی.

 ڕێککەوتنی ناوکی و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران پێشی بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە نەگرتووە.

بڕیارە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، یەکەم خولی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، سەرلەنوێ پەسەند بکرێتەوە و مانگی خەزەڵوەریش هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سفر بگات.