کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا "گرووپی کردەوەی ئێران"ی پێکهێناوە

14:30 - 26 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە ئامانجی هاوئاهەنگی و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئامریکا لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران گرووپێکی تایبەتی کردەوەیی پێکهێنا.

مایک پومپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕیکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێسکونفرانسێکدا ڕایگەیاند کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا بە ئامانجی گۆڕینی ڕەفتارەکانی ڕێژیمی ئێران، گرووپی تایبەتی "کردەوەی ئێران" پێکهاتووە.

هەروەها ناوبراو وتوویەتی: ئێمە دەبێ گۆڕینێکی بەرچاو لە ئێران ببینین و جیهانیش دەیهەوێ لەگەڵ ئێران وەکوو وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامریکا هەموو هەوڵی خۆی دەدات تاکوو ئەو ڕێژیمە ڕەفتارەکانی بگۆڕێ.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، برایان هوکی، وەکوو بەرپرسی ئەو گرووپە داناوە کە بەرپرسی پلانداڕێژی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکایە و چاودێریی بە سەر ئیجرایی بوونی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ لە بەرامبەر ئێران دەکات.

هەر لەو دانیشتنەدا، برایان هوک، لە وڵامی هەواڵنێراندا لەبارەی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی تاران وتوویەتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران ڕەفتارەکانی خۆی بگۆڕێ و بە چڕی هەوڵ بدات بۆ گۆڕان، هەر وەکوو پێشتریش ڕامانگەیاندووە وتووێژ دەکەین.

ئامریکا ناوەبەناوە بەرنامەکانی خۆی بە دژی سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران پاش هاتنە سەرکاری دانڵد ترامپ بەرەو پێش دەبات؛ لە یەکەم کردەوەشدا ئەو وڵاتە لە بەرجام کشایەوە، پاشان گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و ئێستایش گرووپی کردەوەیی پێکهێناوە، کە دەرخەری جیددییەتی ئامریکا و وڵاتانی جیهانە بە دژی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران.